پارێزگای هەولێر: چاودێری وردی دەرمان و خواردن دەکەین
+964
فەرمان سادق
بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندارەکان، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ لیژنەکانی چاودێری بازاڕ و پشکنین و کۆنتڕۆڵی جۆری خۆراک کۆبووە، داوایان لیدەکات چاودێری وردی دەرمان و خواردن بکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی کانونی دووەم، ئۆمێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لیژنەکانی چاودێری بازاڕ و پشكنین و كۆنترۆڵی جۆرى خۆراك و کوالێتی دەرمان کۆبووەوە.
لە راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، لە پێناوى بەرژەوەندى گشتیى هاونیشتیمانیان، چاودێرى وردى کەرتی دەرمان بکەن، ئامانجى ئێمە وەکو حکومەتى هەرێمى کوردستان پاراستنی کوالێتی دەرمان و تەندروستی هاونیشتمانیانە، بۆیە دەمانەویت باشترین و بەرزترین کوالێتی دەرمان لە شارەکەمان و هەرێمى کوردستان دابینبکرێت و ڕێگە بەهیچ کەس و لایەنێک نەدرێت بە دەر لە رێنماییە زانستی و یاساییەکان هاوردەی دەرمان بکات و هەموو جۆرە دەرمانێکى نایاسایی لەلایەن لیژنەکانەوە دەستییان بەسەردا بگیرێت.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە چاودێری بازاڕ و پشكنین و كۆنترۆڵی جۆرى خۆراكی بهرههم هاتوو و هاوردهكراو، جەختمان لە سەر ئەوە کردەوە لیژنەکان کار لە سەر تەندروستی و کوالێتی خۆراک بکەن و لە هەڵمەتى چاودێریکردنى بازاڕ و پشکبینەکانیان بەردەوام بن، بە تایبەت لە قوتابخانەکان و ئەو شوێنانەی کە خۆراکی تێدا ئامادەدەکرێت و پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکرێت، لە هەرشوینێک خۆراکی خراپ و ماوە بەسەرچوو دەستى بەسەرداگیرا ڕێکارى توندى یاسای لەگەڵ ئەو شوێنە و خاوەنکەى بکرێت، تەندروستى هاووڵاتییان لاى ئێمە لە سەرووى هەموو شتێکەوەیە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر داواى لە هاو نیشتمانیان دەکات هاوکاری تیمەکانیان بن و لە هەر شوێنێک دەرمانی کوالێتی خراپ و خۆراکی خراپ و ماوە بە سەرچوویان بینی تیمەکانى لێ ئاگاداربکەنەوە و ببنە بەشێک لە بە کلتورکردنی کوالێتی خۆراک و دەرمان.