دەبێت فۆڕم پڕبکەنەوە

250 کەس بۆ نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی ئامێدی دادەمەزرێندرێت

964+

هیڤی دێوالی-دهۆک

نزیکەی 250 کەس لە نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە سنووری قەزای ئامێدی دادەمەزرێن و کە بەم نزیکانە دەکرێتەوە بەفەرمی، تەندروستی ئامێدیش دەڵێت، هەرکەسێک فۆڕمەکە پڕبکاتەوە دەبێت دانیشتووی قەزای ئامێدی بێت، موچەش بەشێوەی کرێی رۆژانە بە کارمەندەکان دەدرێت.

بەڵگەنامەی پێویست بۆ پڕ کردنەوەی فۆرمەکە “ کارتی نیشتمانی، کارتی زانیاری، پەسەندی موختارەکە، بروانامە، پلەیەکی شەهید، زیندانی سیاسی و گرێبەستی هاوسەرگیری دەبێت.

ئەو کارمەندانەی پێویستن بۆ نەخۆشخانەی هێتیوت کە 100 قەرەوێڵەیی تێدایە بریتین لە پەرستار، فریاگوزاری، شۆفێری ئەمبوڵانس، پاسەوان، کرێکار، باخەوان، پاککەرەوە، چێشتلێنەر، فریاگوزاری و کەسانی دیکە.

مەسعود بۆتی ،یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەندروستی ئامێدی بە 964ـی وت، لینکی ناو تۆمارکردن بۆ نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەکە بۆ ماوەی 48 کاتژمێر کە سێ رۆژ کراوە دەبێت، هاوڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئۆنلاینەوە فۆڕمەکە پڕبکەنەوە.

وتیشی، لە ئێستادا پێویستیان بە نزیکەی 250 کارمەندە کە بەشێوەی کرێی رۆژانە بە کارمەندەکان دەدرێت و بڕی موچەکە دیار نییە، جگە لەو 250 کەسە ئەوان پزیشک و پسپۆری تەندروستی لە دهۆکەوە دەنێرینن بۆ نەخۆشخانەکە.

لە رێگەی ئەم لینکەوە دەتوانن فۆڕمەکە پڕبکەنەوە.

ئاماژەبەوەشکرد ، هەرکەسێک فۆڕمەکە پڕبکاتەوە دەبێت دانیشتووی قەزای ئامێدی  بێت، هەروەها نابێت فەرمانبەری دامودەزگاکانی حکومەت بێت ،رێژەی وەرگرتنیان بۆ هەردوو رەگەز 50 %ـە ،کارمەندەکە تەنیا لە نەخۆشخانەکە دادەمەزرێت و ناگوازرێتەوە بۆ هەر بنکەیەکی دیکەی تەندروستی.

بەپێی زانیاری تەندوستی قەزای ئامێدی ،نەخۆشخانەی هێتوت  100 تەختییە و شەش هۆڵی نەشتەرگەری تێدایە و لە چوار نهۆم و ژێرزەمینێک پێکهاتووە، له‌ناویاندا شوێنى تایبه‌ت به‌ فڕۆكه‌ دروستكراوه‌.

پێداچوونەوە: توانا نەقی