بۆ خواردن و جوانکاریش بەکاردەهێنرێت
قەزوانی هەورامان پێگەیشتووە و وەرزی رنینیەتی
964+
بڕوا مەجید – هەورامان
قەزوان بەری دارەبەنە، دارەبەن لە خێزانی درەختە بەتەمەنەکانە، لە چیا بەرزەکانی کوردستان بەشێوەی خۆرسک رواون، لە سەرەتای بەهاردا گوڵدەگرن و لە مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا بەردەگرن،
قەزوان لە مانگی ئاب تاوەکو مانگی تشرینی دووەم بەرەکەی دەڕنن، قەزوان یەکێکە لەو خۆراکانەی له وهرزی بههاردا به سهوزی ههیه، بەهۆی بۆن و بەرامەخۆشەکەیەوە، لەلایەن هەندێک کەسەوە بەکاردەهێنرێت بۆ ناو دۆ و ماستاو یان ترشیات و چێژێکی تایبەت دەبەخشێت بەو خۆراکانە.
لەگەڵ ئەوەشدا لە رووی تەندروستییەوە چەند سوودێکی باشی بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە،سەرەڕای گۆڕانکارییەکانی سەردەم کۆمەڵگەی کوردی هێشتا دەستبەرداری قەزوان نەبووە دەتوانین بڵێین بووە بە بەشێک لە کلتوری کوردی، تەنانەت خواستی کوڕ و کچە گەنجەکانیش زیادی کردووە لەسەری و لەم دواییانەدا ژنان و پیاوان قەزوان بۆ مەبەستی دروستکردنی تەزبیحی قەزوان بەکاردەهێنن و دەنکەکەی بۆ درووستکردنی خشڵ و جوانکاری سودی لێدەبینن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی