شەڕی ئیسڕائیل و حزبوڵا
چارەنووسی حەسەن نەسڕوڵا چییە؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
تا ئەم بەیانییەی رۆژی شەممە 28.9.2024 چارەنووسی حەسەن نەسڕوڵای ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان بە نادیاری ماوەتەوە و رەنگە بۆ چەند رۆژێکیش هەر بە نادیاری بمێنێتەوە، ئەمەش دوای ئەو هێرشانەی دوێنێ شەوی ئیسرائیل، كە كردیە سەر بارەگاکانی حزبەكە لە ناوچەی باشووری شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان (زاحیەی جنووبی).
بەپێی خەمڵاندنەکانی رۆژنامەی یەدیحوت ئەحرەنووتی ئیسرائیلی، وێنەکانی ئەو ناوچەیەی کە هێرشە ئاسمانییە وێرانکەرەکەی بەرکەوتووە، ئیسرائیل بۆمبی بەهێز و زیرەكی بەکارهێناوە، کە هەریەکەیان کێشیان نزیکەی تۆنێکە.
وەك سەرچاوەكە شیكردنەوەی بۆ كردووە، پێدەچێت ئەم بۆمبانە توانای چوونە قوڵاییان هەبێت و میدیا عەرەبییەكانیش باسی ئەوە دەكەن بۆمبەكان بە قوڵایی 30 مەتر باڵەخانەكانیان بڕیوە.
کاریگەریی لێدانەکان و دەركەوتنی وێرانبوونی ئەو ناوچەیەی بۆردومان كراوە، كە بارەگەی سەرەكی حزبەكەی نەسڕوڵای لێیە، وای كردووە ئەگەرەكان زیاتر ئەوەبن ئەمینداری حزبوڵا كوژرابێت، یان بە سەختی بریندار بووبێت.
وەك شەوی رابردوو باس كرا، هێرشەكان لە كاتێكدا بووە، كۆبوونەوەی سەرانی حزبوڵا هەبووە و بەرپرسێكی باڵای سەربازیی سوپای پاسدارانیش بەشدار بووە، كە باس لە كوژرانی ئەویش دەكرێت، كە ناوی عەباس نیل فرۆشانە.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لای خۆیانەوە پشتڕاستیان كردەوە، لە هێرشەکەدا 6 کەس کوژراون و 91 کەسیش برینداربوون، بەڵام جەختیان لەوە کردەوە ئەمە ژمارەی سەرەتایی هێرشەكەیە و كۆتایی نییە.
تا ئێستاش لە بارەی چارەنووسی نەسڕوڵاوە، حزبوڵڵا هیچ روونكردنەوە و راگەیاندراوێكی نییە، هیچ بەڵگەیەكیشی لەسەر مان یان نەمانی ئەو پیاوە نەخستووەتەڕوو.
هاوكات سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبوڵا، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، بەهۆی هێرشەكەوە پەیوەندی لەگەڵ نەسڕوڵڵا پچڕاوە و هیچ زانیارییەكیان نییە.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلیش پێی وایە کە “زوو زووە بۆ ئەوەی پشتڕاستی بکەنەوە حەسەن نەسڕوڵا كوژراوە یان نا”.
تاكە شوێنێك كە باس لە سەلامەتی ئەو سەركردە شیعەیەی لوبنان دەكات، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانییە، كە بڵاویکردەوە نەسڕوڵا باشە.
بە گوێرەی شیكردنەوەی چاودێرانی سیاسی و سەربازیی ناوچەكە بۆ میدیا عەرەبی و جیهانییەكان، ئەگەری كوژرانی سەركردەی یەكەمی حزبوڵا زۆر زۆرە، بەڵام پێدەچێت چیرۆكی مان و نەمانی نەسڕوڵا چەند رۆژێك بخایەنێت و لەبەر كۆمەڵێك هۆكاریش، حزبوڵا خۆی هیچ شتێك رانەگەیەنێت.