لەسەر فەتوای سیستانی

عێراق لە زەوی و ئاسمان هاوكاری دەگەیەنێتە لوبنان

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەدەم داواكەی مەرجەعی باڵای ئایینی لە عێراق عەلی سیستانی دەچن و بەڵێن دەدەن لە زەوی و لە ئاسمانەوە هاوكارییەكان بگەیەننە هاوڵاتیانی لوبنان.

لە راگەیاندراوێكدا نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، عێراق وەك حكومەت و هاوڵاتیانی پشتگیری گەلی لوبنان دەكەن، وەك پشتگیری لە راگەیاندراوەكەی نووسینگەی سیستانی، كە داوای یارمەتیدانی گەلی لوبنان دەكات لەو بارودۆخەی رووبەڕووی بووەتەوە و تا ئێستا دەیان هاوڵاتی لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و بە سەدانیش بریندارن، بەڵێن دەدەین لە رێگەی دروستكردنی پردی زەوینی و ئاسمانی هاوكاری و پێداویستی بۆ گەلی لوبنان رەوانە بكەین و پشتگیرییان بكەین.

راگەیاندراوەكەی نووسینگەی سودانی ئاماژەی بەوەش داوە، عێراق داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی سەرۆكی شاندی وڵاتانی عەرەبی كردووە، كە ئێستا لە نیویۆركن بۆ ئەوەی لووتكەی ئیسلامی ئەندام بدەن و بەدواداچوون بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بكەن و بەیەكەوە كار بۆ وەستانی ئەو هێرشە “دوژمنكارانە” بكەن و رای گشتیی دنیای بۆ كۆبكەنەوە.

چەند رۆژێكە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە باشووری لوبنان چڕبووەتەوە و تا ئێستا نزیكەی لە 300 كەس لە باشووری لوبنان كوژران و بە سەدانی دیكە بریندارن، جگە لەوەی بە سەدان كەسیش ماڵ و حاڵیان لە ترسی بۆردومانەكانی ئیسرائیل جێهێشتووە.