لە عێراقیش خۆڵبارین زیاد دەبێت و پلەکانى گەرما بەرز دەبنەوە

لە هەرێمى کوردستان پلەکانى گەرما تا رادەیەک جێگیرن و کەشەکە پایزییە

964+

وریا فەتاح

پلەکانى گەرما لە پارێزگاکانى هەرێم  33 بۆ 34 پلەى سیلیزییە و ئاسمانیش لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت، لە شارەکانى عیراقیش پلە پلەکانى گەرما بەرز دەبنەوە و خۆڵبارین زیاد دەبێت.

بەشى پێشبینى لە کەشناسى هەرێم بڵاوى کردەوە، بۆ ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان هەندێک جار بۆ نیمچە هەور دەگۆرێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو کە پلەکانى گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ و خێرایى با مامناوەندە و لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا.

لە بارەى کەشوهەواى سبەینێ چوارشەممەش ئاشکراى کردووە کە پلەکانى گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ چوارشەممە :

هەولێر: 34

سلێمانی: 33

دهۆک: 33

کەرکوک: 36

هەڵەبجە: 35

زاخۆ:33

سۆران: 32

حاجی ئۆمەران: 25

گەرمیان: 38

لاى خۆیەوە دەستەى کەشناسى عێراق بڵاوى کردووەتەوە کە رۆژانى داهاتوو خۆڵبارین زیاد دەبێت و پلەکانى گەرماش بەرز دەبنەوە.