ساڵنامەی 2026 بۆ 2027

زانکۆی سەڵاحەدین وادەی دەوامی مامۆستا و خوێندکارەکانی راگەیاند

ئەحمەد مستەفا

زانکۆی سەڵاحەدین رۆژی 1.9.2026 چاوەڕێی هاتنی مامۆستاکانی دەکات بۆ ساڵی نوێی خوێندن و رۆژی 13ی هەمان مانگ، دەستدەکات بە خوێندنی سمیستەری پایزە بۆ سەرجەم خوێندکارانی بەشەکان.

بە گوێرەی ساڵنامەکە، کە ساڵنامەی نوێیە بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027، وادەی دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایان، تۆمارکردنی قوتابییان و دەستپێکی وانەکان دەستنیشان کراون.

رۆژی 1.9.2026 وەک وادەی دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایان دیاریکراوە، زانکۆکە دەڵێ، پێویستە سەرجەم مامۆستایانی زانکۆی سەڵاحەدین کە ژمارەیان 2600 مامۆستایە، لەو بەروارەدا سەردانی بەش و کۆلێژەکانیان بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی رێکارە کارگێڕی و زانستییەکان.

لە بەشێکی دیکەی ساڵنامەکەدا هاتووە، لە نێوان 6 تاوەکو 12.9.2026، پڕۆسەی تۆمارکردنی قوتابییان بۆ مۆدیۆڵەکانی خوێندن بەڕێوەدەچێت.

هەروەها رۆژی 13.9.2026 وەک یەکەم ڕۆژی دەستپێکی خوێندنی سمیستەری پایزە دیاریکراوە و پێویستە سەرجەم قوتابییان لە هۆڵەکانی خوێندن ئامادەبن.

سەبارەت بە کاروباری ناوخۆیی و خزمەتگوزارییەکان، ئۆفیسی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابییان ڕایگەیاندووە کە لە 1.9.2026 تاوەکو 10.9.2026، پڕۆسەی دابەشکردنی بەشەناوەخۆییەکان ئەنجام دەدرێت و قوتابییان دەتوانن لەو ماوەیەدا مامەڵەی وەرگرتنی شوێنی نیشتەجێبوون بکەن.