کونسوڵ چووە وەزارەتی داد
ئەمریکا خول بۆ فەرمانبەرانی یاسایی و دادوەران دەکاتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر چووە وەزارەتی داد، وەزارەتەکە لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، کردنەوەی خول و وۆرکشۆپی پەرەپێدانی تواناکان و گەشەپێدانی فەرمانبەرانی یاسایی و دادی و ئەندامانی داواکاری گشتی تاوتوێ کراون.
ئەمە یەکەم سەردانی کونسوڵە نوێیەکەیە بۆ ئەو وەزارەتە، ناوی ستیڤن بیتنەرە و فرسەت ئەحمەدی وەزیر و ستافەکەی پێشوازییان لێ کردووە.
وەزارەتەکە دەڵێت، لەگەڵ کونسوڵدا جریس ماسۆن، بەڕێوهبەری پرۆگرامی عێراق لە نوسینگەی نەهێشتنی تیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا، تامی وایزەر، یاریدەدەری پاشکۆی یاسایی و زەهیب رەشید، بەرپرسی سیاسی له كونسوڵخانهى ئهمريكا بەشداربوون.
هەردوولا دیداریان ئەنجامداوە، وەزارەتی داد باسی لەوەکردووە، لە بوارەکانی کردنەوە و سازکردنی خول و وۆرکشۆپی پەرەپێدانی تواناکان و گەشەپێدانی فەرمانبەرانی یاسایی و دادی و ئەندامانی داواکاری گشتی گفتوگۆ کراوە.
هەروەها گفتوگۆ كرا لەسەر چۆنيهتيى هاریکاریکردن بۆ گەشەپێدانی زیاتری پەیمانگەی دادوەريی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە ڕووی گەشەپێدانی توانستی مامۆستا و وانەبێژ و خولە بەردەوامەکانی شیاندنی دەرچووان و وانەبێژانی پەیمانگەی دادوەری و پارێزەران.
كونسوڵی ئەمریکا، بەپێی بڵاوکراوەی وەزارەتەکە بێت ئامادەی خۆیانی بۆ هەموو هاوکارییەک دەربڕیوە، لە پێناوی پەرەپێدان و گەشەپێدانی مرۆیی و دەزگاکانی سەر بە وەزارەتی داد، بە تایبەتی پەیمانگەی دادوەری و داواکاری گشتی.
وێنەی دیدارەکە؛