مەرزی کێلێ بە بەفر گیرا
964+
مەجید بتوێنی
بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوچەی پشدەر و بتوێن، هاتوچۆی بازرگانی ل مەرزی کێلێ راگیراوە، بە وتەی بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین.
لە دوێنێ ئێوارەی شەممەوە، زیاتر لە 10 سانتیم بەفر لەو دەڤەرە باریوە.
جەوهەر رەسوڵ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی راپەڕین بە تۆڕی 964ی وت، لە شەوی رابردووەوە رێگای مەرزی کێلێ گیراوە و هاتوچۆی بازرگانی وەستاوە، چونکە لە هەردوو دیوی ئێران و هەرێمی کوردستانەوە بەفرێکی زۆر باریوە.
باسی لەوەش کرد، کە بە درێژایی دوو کیلۆمەتر بەفر رێگاکەی گرتووە و لە ئێستادا تیمەکانی ئاوەدانکردنەوە و گومرگی راپەڕین سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگاکەن، بەڵام دیار نییە کەی تەواو دەبێت و هاتوچۆ ئاسایی دەبێتەوە.
مەرزی کێلێ لە ناوچەیەکی شاخاوی کوێستانییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی قەزای پشدەر بە دووری 25 کیلۆمەتر لە ناوەندی قەزاکە، هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران بە عێراق دەبەستێتەوە.
بەپێی هەندێک ئاماری نافەرمی، رۆژانە زیاتر لە 150 بارهەڵگری شتومەک لەو مەرزەوە ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت.