مشکێک فڕۆکەیەکی هێلێ ئاسمانیی سکاندیناڤیای ناچار بە نیشتنەوە کرد
لە نێوان نەرویج و ئیسپانیا
مشکێک فڕۆکەیەکی ناچار بە نیشتنەوە کرد
شۆڕش قادری
فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی سکاندەناڤیا ناچار بە نیشتنەوە بوو بەهۆی بوونی مشکێک لە ناو خواردنی یەکێک لە سەرنشینەکانی.
هێڵی ئاسمانیی سکاندەناڤیا (SAS) بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکیان لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بەرەو شاری مالاگا لە ئیسپانیا بەڕێکەوتووە و لە نیوەی رێگا مشکێک لەناو خواردنی یەکێک لە سەرنشینەکان دەرکەوتووە و بەوهۆیەوە فڕۆکەکە ناچار بووە لە شاری کۆپنهانگنی دانیمارک بنیشێتەوە.
ئۆیستن شمیت وتەبێژی هێڵی فڕۆکەوانی (SAS) بە فرانس پرێسی راگەیاندووە، بەپێی یاساکانی کۆمپانیاکەیان، فڕۆکەکە نیشتووەتەوە، چونکە مشکەکە ئاسایشی فڕۆکەکە خستووەتە مەترسییەوە.
دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە، سەرنشینەکان بە فڕۆکەیەکی تر رەوانەی مالاگا کراون.
کۆمپانیاکانی بواری فڕۆکەوانی لە ترسی خواردنی وایەر و کێبڵی ناو فڕۆکەکان ئەو جۆرە یاسایانە پەیرەو دەکەن.
یەکێک لە سەرنشینانی فڕۆکەکە بە تۆڕی BBC وتووە، بە چاوی خۆی بینیویەتی کە مشکەکە لەنێو خواردنی ئەو کەسەی لە تەنیشتییەوە دانیشتبوو، هاتووەتەدەر و هەڵاتووە.
هەرچەندە وتوویەتی کە دۆخی ناو فڕۆکەکە ئارام بووە و سەرنشینەکان ترس و دڵەڕاوکێیان نەبووە، بەڵام دانی بەوەدا ناوە کە گۆرەوییەکانی هەڵکێشاوە بۆ ئەوەی مشکەکە نەچێتە ناو پانتۆڵەکەی.
لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەوە دووەم رووداوە کە لەناو هێڵە گشتییەکانی هاتوچۆ روودەدات و چەند رۆژ پێشیش لە باشووری بەریتانیاش، شەمەندەفەرێک بۆ چەند کاتژمێرێک گەشتەکەی راگرت، بەهۆی چوونەناوەوەی دوو سمۆرە بۆ ناو یەکێک لە کابینەکانی.