دیمەنی شوێنی تەقینەوەی کانە خەڵوزەکەی ئێران.وێنە.ئاژانسی فەرمی ئێرنا
لە خۆراسانی باشور
بەهۆی تەقینەوەی کانێکی خەڵوزەوە لە ئێران 30 کەس گیانیان لەدەستداوە
توانا نەقی
لە شاری تەباسی پارێزگای خۆراسانی باشور لە ئێران کانێکی خەڵوز تەقیوەتەوە و تا دێت رێژەی بریندار و گیان لەدەستدان بەهۆیەوە زیاد دەکات و ئێستا ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 30 کەس.
ئاژانسی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، بە پێی دوای ئاماری قوربانییەکانی تەقینەوەکە ژمارەی مردن لە 19 کەسەوە گەیشتووەتە 30 کەس و 17 کەسیش رەوانەی نەخؤشخانە کراون.
محەممەد عەلی ئاخوندی بەڕێوەبەری بەشی قەیرانەکانی پارێزگای خۆراسانی باشور رایگەیاند، رووداوەکە گەورەیە و تاوەکو ئێستاش بەدوای کەسانی دیکەدا دەگەڕێن و ئەگەری زیادبوونی ژمارەی بریندار و گیان لەدەستدان هەیە.
دەشڵێت، ئەم رووداوە بەهۆی خێرایی دەردانی گازی میتانی و مۆنۆکسیدی کاربۆن رووی داوە، کە وای کردووە کرێکارەکان و ئەو کەسانەی لەو شوێنەن بخنکێن
تەقینەوەی مین تەباس شەوی رابردوو کاتژمێر 9:00 بەهۆی دەردانی لەناکاوی گازی میتانی لە یەکێک لە تونێلەکانی کانگای خەڵوزی کۆمپانیای مینەر روویدا کە 69 کرێکار کاریان کردووە.
بڕیاریشە وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە و سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ئێران بگەنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکانیان دەست پێبکەن.