بۆ کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە ئەمریکا
توانا نەقی
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە گەیشتە ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
نوسینەگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سودانی بۆ بەشداریکردنی 79ـەین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە نیۆرک ئەنجام دەدرێت گەیشتووەتە ئەو وڵاتە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە داوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق وتارێك لە بەردەم كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشكەش دەكات، هەروەها وتارێكی دیكە لە “لوتكەی دواڕۆژ” پێشكەش دەكات، كە ژمارەیەك سەرۆك وڵات تێیدا بەشدار دەبن.
هەروەها باسی ئەوەش كراوە، سودانی زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و سەرۆکی وڵاتان و سەرۆکی شاندە بەشداربووەکان ئەنجام دەدات، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەك بەرپرسانی رێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان.