"ئۆتۆمبێلی ماڵەوەمان بێ شۆفێر ماوەتەوە"
تەمەنی 70ساڵە و دەڵێت “ناچارم مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنم”
فەرمان مەلا حەسەن
حاجی عەلی، پێشبینی نەدەکرد، رۆژێک لە رۆژان تەنیا خۆی و هاوسەرەکەی لە ماڵ بمێننەوە و کچ و کوڕەکانی بچنە ماڵی خۆیان و هیچ کەسێک نامێنێتەوە ئەو ئۆتۆمبێلەیان بۆ لێبوخڕێت کە لە ماڵەکەیاندا لە بێ شۆفێری راگیراوە، بۆیە ئێستا بە ناچاری کە تەمەنی گەیشتووەتە 70 ساڵان دەستی بە دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری کردووە، چونکە دەڵێت “حەزناکەم بە نایاسایی ئۆتۆمبێل لێبخوڕم”.
حاجی، دانیشتووی گوندی پاشکۆتەڵە لە ناحیەی سەرکەپکانی سەر بە ئیدارەی راپەڕین، لەو ماوەیەی خەریکی مۆڵەت دەرهێنانە، دووجار دەرنەچووە و دەڵێت “بەهۆی ئەوەی نەخوێندەوارم هیچ شتیك لەبارەی کۆمپیوتەرەوە نازانم” و هەردوو جارەکەش بەهۆی کۆمپیوتەرەوە نەیتوانیوە دەربچێت و ببێتە خاوەن مۆڵەتە شۆفێرییەکەی.
بەڵام وەک خۆی دەڵێت، کۆڵ نادات تاوەکو ئەوکاتەی دەبێتە خاوەن مۆڵەتی شۆفێری، چونکە دەڵێت “چارم ناچارە هەر دەبێت مۆڵەتەکە دەربهێنم، ئەگەر وانەبێت ئۆتۆمبێلەکەمان هەر بەبێ شۆفێری دەمێنێتەوە و بۆ هاتوچۆکردنێس کێشەمان بۆ دروست دەبێت”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن