بالیسان
منداڵێک لە حەوزێکی مەلەوانی خنکا
+964
ئاکام غەفور-سۆران
لە ناحیەی بالیسان منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان شەوی رابردوو کەوتە ناو حەوزێک و خنکا.
منداڵەکە کوڕە و خانەوادەکەای دانیشتووی هەولێرن، بۆ گەشت سەردانی مەزرەعەکەیان کردووە لە ناحیەی بالیسان، بەڵام لەوێدا منداڵەکە کەوتووەتە حەوزێکی ئاو و خانەوادەکەی ئاگادار نەبوون، تا دەریانهێناوە خنکاوە.
فەرهاد شێخ وەسانی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی بالیسان، بە 964ـی وت، تەرمی منداڵێکی سێ ساڵانە گەیەندرایە نەخۆشخانەکەمان، کە لە مەزرەعەیەک لە حەوزی مەلەوانیدا خنکابوو.
وتیشی، تا گەیشتە لای ئێمە گیانی لەدەستدا بوو، دوای رێکاری پێویست لە نەخۆشخانەکەمان تەرمەکەی بەڕێکرا بۆ پزیشکی دادی هەولێر.
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی بالیسان، کە بە 964ـی داوە، ئەمساڵ یەکەمین حاڵەتی خنکانە لە ئاو لە سنووری ناحیەکە تۆمار بکرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا