دیمەنی یەکێک لەو باڵندانەی کە بە تؤرێکەوە گیری کردووە.وێنە.پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
پۆلیس بە دوای راوچیەکاندا دەگەڕێت
لە شارەزوور 19 باڵندە بە زیندویەتی کە بە تۆڕێکەوە بوون ئازاد کراون
توانا نەقی
لە چەمی بێستانسووری ناحیەی عەربەت دەست بەسەر تۆڕێکی گەورەدا گیراوە کە بۆ راوی باڵندە دانراوە و توانراوە 19 باڵندەی زیندوو کە بە تۆڕەکەوە بوون ئازاد بکرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردەوە، مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت دەرچوون بۆ سنووری چەمی بێستانسوور، لە ئەنجامدا تۆڕێکیان بەدیکردووە کە بە درێژایی 50 مەتر و بە بەرزی نزیکەی 5 مەتر دانراوە بە چوار دارەوە.
دەشڵێت، تۆڕەکە بە مەبەستی راوکردنی باڵندە دانراوە کە 19 باڵندەی زیندوو لە جۆرەکانی ( چۆلەکە، بۆرەجڕە، فشەکڵاونە) بەتۆڕەکەوە بوون ، بەڵام هیچ کەسێک لەشوێنی رووداوەکە نەبووە.
پۆلیسی دارستان ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئاگادارکردنەوەی دادوەری لێکۆڵینەوەی شارەزوور تۆڕەکانیان هەڵگرتووەتەوە و باڵندەکانیشیان ئازادی ناو سروشت کردووەتەوە.
لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵێنەوە بۆ ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە کراوەتەوە و بەدوایاندا دەگەڕێن.