له‌ ته‌مه‌نى 136 ساڵى مردووە و 300 نه‌وه‌ى به‌جێهێشت

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئەو ژنە کوردەی لە ئه‌دلیبى باكورى رۆژئاواى سووریا لە تەمەنی 136 ساڵیدا گیانی سپارد، له‌دواى خۆیدا زیاتر له‌ 300 نه‌وه‌ى به‌جێهێشتووه‌.

به‌پێی هه‌واڵێك كه‌ ماڵپه‌ری رۆژنامه‌ى (الشرق الاوسط) رۆژى 27ی كانوونى دووه‌م بڵاویكرده‌وه‌، (نوره‌ حیمیش) كه‌ به‌ (نورا شڕشوت) ناسرابوو، له‌ته‌مه‌نى 136 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووه‌.

به‌پێی هه‌واڵى ئه‌و رۆژنامه‌یه‌، ناوبراو له‌ساڵى 1901 له‌ گوندى ئوم ریش له‌ ناوچه‌ى (جبل ئه‌لوه‌ستانى)  كه‌ ده‌كه‌وێته‌ 20 كیلۆمه‌ترى رۆژهه‌ڵاتى ئه‌دلیب له‌دایكبووه‌، له‌ ماوه‌ى هه‌ردوو سه‌رده‌مه‌كانى ده‌سه‌لاتدارێتى عوسمانییه‌كان  و ئینتیدابی فه‌ڕه‌نسى له‌ سووریا ژیاوه‌.

به‌ڵام به‌قسه‌ى كوڕو كچ و نه‌وه‌كانى، نوره‌ حیمیش له‌دواى ته‌مه‌نى 18 ساڵییه‌وه‌ بۆته‌ خاوه‌ن ناسنامه‌، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌وكات له‌سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتدارێتى عوسمانییه‌كان، فه‌رمانگه‌ى ره‌سمی پێدانى ناسنامه‌ى بارى كه‌سیی له‌و سنووره‌ى ئه‌وان نه‌بووه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێن، 136 ساڵ ژیاوه‌ و زیاتر له‌ نیوه‌ى ته‌مه‌نى بێوه‌ژن بووه‌، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌وه‌ى زیاتر له‌ 60 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ى مردووه‌، ده‌شڵێن “چه‌ندین كوڕى و كچی هه‌یه‌ و زیاتر له‌ 300 نه‌وه‌شی له‌دواى خۆى به‌جێهێشتووه‌”.

ئه‌حمه‌د ئه‌لئعه‌لى ته‌مه‌ن 70 ساڵ و یه‌كێكه‌ له‌كه‌سه‌ نزیكه‌كانى ئه‌و ژنه‌ ده‌ڵێ: زۆر جاران رووداو و به‌سه‌رهاته‌كانى سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتدارێتى عوسمانییه‌كان و سه‌فه‌ر به‌له‌ك و سه‌رده‌مى ئینتیدابى فه‌ڕه‌نسی له‌ سووریاى گێڕاوه‌ته‌وه‌.

ده‌شڵێت: نیوه‌ى ژیانى به‌ بەخێوكردنى مه‌ڕوماڵات بووه‌، له‌ته‌مه‌نى 80 ساڵیش چۆته‌ حه‌ج و ئه‌وكات ته‌ندروستییه‌كه‌ى زۆر باش بوو، به‌ڵام تا ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر هه‌ستى بیستنى له‌ده‌ستدابوو و له‌لایه‌ن كچه‌كه‌ى به‌ناوى خه‌دیجه‌ – ته‌مه‌ن 80 ساڵ –  به‌خێوده‌كرا”.

به‌پێی قسه‌كانى ئه‌حمه‌د، ئه‌و ژنه‌ ماوه‌ى 40 ساڵ كارى مامانى له‌ گونده‌كه‌یان و ده‌وروبه‌ری كردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ خه‌ریكی كارى كشتوكاڵى و ئاژه‌ڵداریش بووه‌، هاوكارى زۆرى ماڵه‌ هه‌ژاره‌كانى گونده‌كه‌ى كردووه‌ و مزگه‌وتیشی له‌ گونده‌كه‌یان دروستكردووه‌.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى تۆڕى964، ساڵى 1997 به‌ته‌مه‌نترین ئافره‌ت له‌ جیهان به‌ناوى (جین كالمینت)ى فه‌ڕه‌نسی 122 ساڵ ژیاوه‌،  له‌ 21 شوباتى 1875 له‌دایكبووبوو و له‌ 4 ئابی 1997یش كۆچی دوایی كرد.

به‌ ته‌مه‌نترین پیاوى جیهانیش ناوى (تشیو میاكو)ى یابانى بوو، له‌ ته‌مه‌نى 117 ساڵى كۆچی دوایی كردووه‌، كه‌ له‌ 2 ئایاری 1901 له‌دایك ببوو، له‌ 22 ته‌مووزى 2018 كۆچی دوایی كرد.