کەمتر لە 10 رۆژى ماوە

ئەو شوفێرانەى لە رێگاى سماقوڵیەوە دێنە هەولێر دەحەسێنەوە

964+

وریا فەتاح

8 بۆ 10 رۆژى دیکە، پڕۆژەى قیرتاوکردنى رێگاى سماقوڵى تەواو دەبێت و شۆفێران لەو ئاستەنگى و تۆزوخۆڵە رزگاریان دەبێت کە زیاتر لە دوو مانگە بەرۆکى گرتوون.

رێبین محەمەد، ئەندازیار و سەرپەرشتیارى پڕۆژەى قیرتاوکردنى رێگەى سماقوڵى بە 964ـى وت،”پڕۆژەکە سێ قۆناغە، قۆناغى دوو لە بەنداوى سماقوڵیەوە دەستپێدەکات و ساڵى پار تەواو کرا، قۆناغى یەک 85%ـى تەواو بووە و قۆناغى سێش کەوانەیەکە و 60 بۆ 70%ـى تەواو بووە.

ماوەى زیاتر لە دوو مانگ بوو، قۆناغى یەکى پڕۆژەکە قیرەکەى هەڵکەنرابوو، بەڵام کارکردن تێیدا وەستێنرابوو تا ئەوکاتەى لە 27 ـى مانگى رابردوو وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە، بڕیاریدا کارکردن لە پرۆژەى نۆژەنکردنەوەی رێگای سماقوڵی دەستپێبکاتەو.

رۆژى 1ـى ئەم مانگە کارکردن لە پڕۆژەکە دەستیپێکردەوە، بە وتەى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە، ئیستا لە قۆناغى قیرتاوکردندا و 8 بۆ 10 رۆژى دیکە تەواو دەبێت و شۆفێران دەتوانن بەسەریدا بڕۆن.

“کۆى گشتى درێژى هەرسێ قۆناغەکە، حەوت کیلۆمەتر و 300 مەترە، بەگشتى 80%ـى تەواو بووە کە بودجەى گشتى هەرسێ قۆناغەکە یەک ملیار و 142 ملیۆن دینارە”، رێبین محەمەد واى وت.

هەر لە 1ـى ئەم مانگەوە رێگاکە بەڕووى بارهەڵگرەکاندا داخرا، بڕیار بوو لەگەڵ دەستکردن بە قیرکردن بەڕووى ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانیش دابخرێت، بەقسەى سەرپەرشیارى پڕۆژەکە هاتوچۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکار نەبوون و رێگاکەیان دانەخستووە، چونکە وەک باسى دەکات، هاتوچۆى ئۆتۆمبێل هەم ئاستەنگى بۆ کارەکانیان دروستکردووە، هەم ئەو تەپوتۆزەى دروستیان کردووە زیان بە قیرەکە دەگەیەنێت.

رێگاى سماقوڵى لە رێگاى سەرەکى دوکان چوارقوڕنە لە نزیک گوندى هیزۆپەوە دەستپێدەکات و ئیدارەى راپەڕین بە هەولێرەوە دەبەستێتەوە و یەکێکە لە رێگا قەرەباڵغەکان.

رێگاى سماقوڵى بەڕووى بارهەڵگرەکاندا داخرا

رێگاى سماقوڵى بەڕووى بارهەڵگرەکاندا داخرا