پۆمپیۆ لە کتێبەکەیدا: حەیدەر عەبادی پێی وتم سولەیمانی گیانی دەکێشێت

964+
عادل نەبی

مایک پۆمپیۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لە نوێترین کتێبی ئاماژەی بەوە کردووە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق پێی وتووە، “ئەگەر سەرچاوەکانی وزە لە ئێران نەکڕم ئەوا قاسم سولەیمانی گیانم دەبات”.

کتێبەکەی مایک پۆمپیۆ بڵاوبووەتەوە لەژێر ناوی “یەک بستیش مەبەخشە: شەڕ بۆ ئەو ئەمریکایەی خۆشم دەوێت”، لە رۆژی 24ی ئەم مانگە.

ئەو لە چەند شوێنێکی کتێبەکەیدا، باس لە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس لەناو سوپای پاسدارانی ئێران دەکات، کە لە سەرەتای 2020 بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا.

پۆمپیۆ بە دیاریکراوی نوسیویەتی، “لە کۆبوونەوەیەکدا، داوام لە عەبادی کرد سەرچاوەکانی وزەی وەکو کارەبا و غاز لە ئێران نەکڕێت و گرێبەستەکان هەڵبووەشێنێتەوە، بەڵام پێی وتم، جەنابی بەڕێوەبەر، کاتێک تۆ لێرە دەڕۆیت، قاسم سولەیمانی دێت بۆ بینینم، ئەگەر ئەوە بکەم کە تۆ دەیڵێی ئەوا گیانم دەکێشێت”.

حەیدەر عەبادی لە ساڵی 2014 تاوەکو 2018 سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو.