پێشتر 750 بۆ 1000 دینار بوو
لە سبەینێوە پاسی هێڵەکانی ناو شاری هەولێر تەنیا 500 دینار لە سەرنشین وەردەگرن
+964
شۆڕش هەرکی – هەولێر
لەرۆژی سێشەممە 10.9.2024 واتە سبەینێ، سەرجەم هێڵەکانی گواستنەوەی ناوشاری هەولێر بە 500 دینار هاتوچۆ بەسەرنشینان دەکەن.
ئەم بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 9.9.2024 درا، لەدوای کۆبوونەوەی گواستنەوەی هەولێر لەگەڵ بەرپرسی هێڵەکانی گواستنەوە، پێشتر ئەو هێڵانە 750 بۆ 1000 دیناریان وەردەگرت لە هەر سەرنشینێک
عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی هەولێر بە 964ـی وت،” ئەمڕۆ ئێمە و سەندیکای گواستنەوە و گەیاندنی هەولێر لەگەڵ سەرجەم بەرپرسی پاسەکانی هەولێر کۆبووینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین نرخی کرێی گواستنەوەی پاسەکان دابەزێنین، چونکە دووساڵ زیاترە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و گاز نرخی کرێی گواستنەوەی پاسەکانیش گرانبوو.
وتیشی،” بڕیاری کەمکردنەوە نرخەکان سەرجەم هێڵەکان دەگرێتەوە، تەنیا 2 بۆ 3 هێڵ نەبن وەک هێلی بەحرکە و جمکە، بەڵام ئەوانیش 250 دینار کەمدەکەنەوە، سەرجەم پاسەکانی دیکە دەبن بە 500دینار.
لەشاری هەولێر 31 هێڵی گواستنەوە و هەزار و 70 پاس کاردەکەن سەرنشین بۆ گەڕەکە جیاوازەکانی هەولێ دەگوازنەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی