پێویستە قەپانێک بۆ بارهەڵگرەکان دابندرێت
ئەگەر فریای رێگەی بالیسان نەکەون وێران دەبێت
+964
ژێوار خدر
دوای چەندین ساڵ رێگەی ناحیەی بالیسان – شکارتە نۆژەن کرایەوە، بەڵام هاتوچۆی بارهەڵگرەکان خەریکە رێگەکە وێران دەکەن و بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسانیش لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەردایە بۆ ئەو کێشەیە.
مەهدی مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان بە 964ـی وت، رێگەکە تازە نۆژەن کراوەتەوە و هاتوچۆیەکی زۆری بارهەڵگریشی بەسەرەوەیە، بارهەڵگرەکانیش زۆر بێویژدانن، کێشی زیاد لەوەی بۆیان دابین کراوە هەڵدەگرن و ئەوەش کاریگەری لەسەر رێگەکە دەبێت و وا بڕوات وێران دەبێت.
وتیشی، لە بنەڕەتدا شوێنی ئەو قەپانەی کە بۆ سنوورەکە دانراوە هەڵەیە، قەپانەکە لە گوندی تۆتمە دانراوە کە لە کۆتایی ناحیەکەدایە و ئێمە دەمانەوێت بیگوازینەوە بۆ گوندی خۆران کە دەکەوێتە سەرەتای ناحیەکە، بەو شێوەیەش پێش ئەوەی بارهەڵگرەکان داخڵی ناحیەکە ببن ئەگەر باری زیادییان پێبێت رێگرییان لێ دەکرێت.
روونیشیکردەوە، رۆژانە زیاتر لە 200 بارهەڵگر لەو شوێنەوە هاتوچۆ دەکەن وبار بۆ ئاکرێ و حاجی ئۆمەران دەگوازنەوە، پێویستە قەپان لە ناحیەی شکارتە دابندرێت، بۆ ئەوەش پەیوەندییان بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوەدان کردنەوە کردووە.
” لە وەزارەتی ئاوەدان کردنەوە بەشی قەپان، پێیان وتین لیژنەیەکی کەشف دەنێرین بۆ ئەو شوێنە، ئەگەر گونجاو بێت و مەسرەفی زۆر گران نەبێت قەپانێک دادەنێین، چاوەڕێی بڕیاری ئەوانین بزانین چی دەبێت.” مەهدی مستەفا وای وت.