"گرفتی ئاوی خواردنەوە دروست نابێت"
ئێران جارێکی دیكە ئاوی زێی بچووکی گرتەوە
964+
شۆڕش قادری
جارێکی دیكە ئێران لە رێی بەنداوی کۆڵەسەوە ئاوی زێی بچووکی گرتەوە و بەرەو وشکبوون دەچێت، بەڵام بەرپرسانی پشدەر دەڵێن، نایەڵن کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە دروست ببێت.
بەکر بایز قائیمقامی قەزای پشدەر ئەمڕۆ شەممە بە 964ـی وت، “چەند کاتژمێرێکە ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە و کاریگەرییەکانی خەریکە لە ناوچەکە دروست دەبێت”.
سەبارەت بە ئەگەری کەمیی ئاوی خواردنەوە لە قەڵادزێ و دەورووبەری بەهۆی ئەو رووداوە، بەکر بایز وتی، “کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە دروست نابێت، چونکە بەشی ئەوەندە ئاوی کاتیمان لە عەمبارەکان و رووبارەکاندا هەیە”.
زێی بچوک لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و نزیکەی 400 کیلۆمەتر بە خاکی باشووری کوردستاندا تێدەپەڕێت، جگە لەوەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ و سلێمانی دابین دەکات، سەدان حەوزی ماسی و چەندین دۆنم زەوی بەراو کردووە.
پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ %95 ئاوی خواردنەوەی شارەکە دابین دەکات و توانای خەزنکردنی 20 ملیۆن لیتر ئاوی هەیە.