پێنج هەزار کەس سوودمەند بوون

لە هەولێر مۆڵەت دەدرێت بە دروستکردنی خانوو لەسەر 100 زەویی سندوقی

964+

ژووی ‌هەواڵ

لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستکرا بە رێکارەکان بۆ پێدانی مۆڵەت بە دروستکردنی خانوو لەسەر 100 زەوی سندوقی، ئەو وادەیەش درێژکرایەوە کە دیاریکرابوو بۆ پێدانی مۆڵەتەکانی دروستکردنی خانوو لەسەر ئەو زەوییانە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 4.9.2024، پارێزگای هەولێر رایگەیاند، قۆناغى دووەمى پڕۆسەى دابەشکردنى 100 رێگەپێدانى دروستکردنى خانوو لە سەر زەوی سندووقی بە خاوەنەکانیان دەستیپێکرد و زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی سوودمەند دەبن.

هاوکات بڕیاربوو لە 1.9.2024، ئەو وادەیە کۆتاییپێبهاتایە کە دیاریکرابوو بۆ پێشکەشکردنی داواکاری مۆڵەتپێدان بە خاوەن زەوییە سندوقییەکان، بەڵام ئەو وادەیە تاوەکو 1.12.2024 درێژکرایەوە و پارێزگای هەولێر دەڵێت، دەیانەوێت زەمینە خۆشبکەن بۆ ئەو کەسانەی کە هێشتا دەستیان بە مامەڵەکانیان نەکردووە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، تاوەکو ئێستا مۆڵەت دراوە بە دوو هەزار و 292 خاوەن زەوی سندوقی بۆئەوەی خانوو دروستبکەن، “بەشێکیان دەستیان بە دروستکردنی خانووەکانیان کردووە و رەنگە بەشێکیان لەناو خانووەکانیاندا بن”.

سەبارەت بەوانەی خانووی زێدەڕۆیشیان هەیە و دەیانەوێت نۆژەنی بکەنەوە، تاوەکو ئێستا 539 هاوڵاتی سوودمەند بوونە، هەروەها فراوانکردنی حەرەمی گوند و رێگەپێدان لە حەرەمی گوند، تا ئێستا دوو هەزار و 438 کەس لێی سوودمەند بوون و رێگەیان پێدراوە خانوو دروست بکەن.

“زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی هەژار و کەمدەرامەتی سنووری پارێزگاى هەولێر، سوودیان لەوسێ بوار وەرگرتووە: ێگەپێدانی دروستكردنى خانوو لە زەوی سندوقی، دروستکردنی خانوو لە حەرەمی گوند، نۆژەنکردنەوە”، ئومێد خۆشناو وای وت.

خاوەن زەوییە سندوقییەکانى سۆران ئاگادار دەکرێنەوە

خاوەن زەوییە سندوقییەکانى سۆران ئاگادار دەکرێنەوە