
وێنەی ئەیوب ئەحمەد. فۆتۆ/پۆلیسی هەولێر
هەولێرییەکان چوار رۆژە بەدوای مێرمنداڵێک دەگەڕێن
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ماوەی چوار رۆژە مێردمنداڵێكی تەمەن 13 ساڵ لە هەولێر بێسەروشوێنە، پۆلیس وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت هەر کەسێک زانیاری لەبارەیەوە هەیە پەیوەندییان پێوە بکات.
ئەیوب ئەحمەد منداڵی گەورەی خێزانێکی دانیشتووی ناحیەی کەسنەزانی سەر بە شاری هەولێرە، لە رۆژی 24ـی ئەم مانگە لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە.
لە کامێراکانی چاودێرییەوە دواین جار لە رۆژی ونبوونەکەیدا ئەیوب دەرکەوتووە کە لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و بە ئاراستەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر رۆیشتووە.
بەپێی راگەیەندراوێک کە رۆژی 26ی ئەم مانگە لە فەیسبوکی پۆلیسی هەولێر بڵاوکراوەتەوە، ئەو مێرمنداڵە نەخۆشە و بەپێی زانیارییەکان پەرکەمی لەگەڵدایە.
لە رۆژی ونبوونیەوە خێزان و کەسوکارەکەی لەگەڵ پۆلیسی هەولێر دەستیان کردووە بە گەڕان بەشوێنی ئەیوبدا و زۆر شوێن گەڕاون، بەڵام بێسود بووە.