دانیشتووانى سۆران
لە ئێستاوە خەمى زستانیانە و نەوت دەکڕن
964+
ئاکام غەفور-سۆران
دانیشتوانى سۆران لە ئێستاوە خەمى زستانیانە و دەستیان کردووە بە نەوت کڕین، هەر بەرمیلێک نەوتیش 20 هەزارى چووەتەسەر.
ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە سنوورى ئیدارەى سۆران گەیشتوە بە 150 هەزار دینار.
حاجی محەمەد حەسەن، دانیشتووى سۆرانە، بۆ 964 قسەی کردوە و دەڵێت،”ساڵانە پێویستم بە چوار بەرمیل نەوتە و ئێستا سێ بەرمیلم کڕیوە”.
لەبارەی هۆکاری کڕینی نەوت لە وەرزی هاوین، ئەو حاجى محەمەد وتى،”، ئێستا نرخی نەوت هەرزانترە زستان بێت زیاتر گران دەبێت بۆیە ئێستا دەیکڕم”.
دەریا جەلال، نەوت فرۆشێکی شاری سۆرانە، بە 964ـی وت،”نزیکەی 20 رۆژ دەبێت نرخی نەوتی ماڵان بەرز بووەتەوە، لە وەرزی هاوین نرخی بەرمیلێک 130 هەزار بوو، ئێستا نرخەکەى گەیشتووە بە 150 هەزار دینار و لەگەل هاتنی وەرزی پایزیش زیاتر بەرز دەبێتەوە”.
ئەو نەوتفرۆشە ئاشکراى، ئێستا خەڵک زیاتر نەوت دەکڕێت و رۆژانە تەنیا خۆى نزیکەى 40 بەرمیل دەفرۆشێت.
بەپێی ئاماری نەوت و کانزاکانی سۆران، کە ساڵی رابردوو بە 964ـی داوە، ساڵانە ئەگەر بەرمیلێک نەوتی حکومەت بەسەر هاوڵاتیان دابەش بکرێت، ئیدارەی سۆران پێویستی بە زیاتر لە 17 ملیۆن لیتر نەوتە، کە بەسەر نزیکەی 88 هەزار خێزان دابەش دەکرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح