عەلی عەلاق: سیاسەتێکی نوێ پەیڕەو دەکەین بۆ دەرچوون لەم دۆخە

+964

فەرمان سادق

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند کە سیاسەتێکی نوێ دەگرنەبەر بۆ دەرچوون لەو دۆخەی ئێستا هەیە.

ئەو قسەیەی پارێزگاری بانکی ناوەندی لە ئەنجامی کۆبوونەوەی بوو لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی لیستی ئیشراقیەی کانون لە پەرلەمانی عێراق.

لیستی ئیشراقیەی کانون، لە پەیجی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وێنەی خۆیان لەگەڵ عەلاق داناوە، ئاماژەیان بەوەکردووە کە لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبوونەوەتەوە.

کۆبوونەوەکە دوێنێ بووە، ئەوان شەوەکەی لە فەیسبووک بڵاویان کردۆتەوە.

لەبارەی کۆبوونەوەکەش لیستی ئیشراقیەی کانون ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی باسی هۆکارەکانی داشکاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی، رەوشی ئابووری خەڵک کە لە ئەنجامی هەڵکشانی بەهای دۆلار دروستبووە بەتایبەت لێکەوتەکانی بەسەر کەلوپەلە بنەڕەتییەکانی وەک خۆراک، هەروەها گرنگی هەنگاونان بۆ بەبرنگاربوونەوەی سپی کردنەوەی پارە و دزە پێکردنی بۆ دەرەوەی عێراق.

لە وەڵامی هەموو ئەو پرسانە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی بەو پەرلەمانتارانەی وتووە کە سیاسەتێکی نوێ دەگرنەبەر بۆ دەرچوون کەم تەنگەژەیە.

بەپێی ئەو پۆستەی لیستی ئیشراقیەی کانون بڵاویان کردۆتەوە، عەلاق هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە لەسەر ئەو سیاسەتەی دەیگرێتەبەر.

جێی بیرخستەنەوەیە بەهۆی هەڵکشانی بەرچاوی بەهای دۆلار، هەفتەی رابردوو ەب فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پارێزگاری بانکی ناوەندی لە پۆستەکەی دوورخرایەوەو عەلی عەلاق خرایە شوێنەکەی.