کارەکەیان تەنیا بووە بە پێدانەوەى پاسپۆرت
کێشەى پاسپۆرتى راپەڕین بەردەوامە
964+
وریا فەتاح
کێشەى پاسپۆرتى راپەڕین بەردەوامە و مامەڵەى دەرهێنانى پاسپۆرت وەستاوە و لە ئێستادا تەنیا کارى پێدانەوەى پاسپۆرتى تەواو بوو دەکەن، لێپرسراوەکەشى دەڵێت، کێشەکە لە بەغدایە و پەنجەمۆرمان لێ وەرناگرن.
عەقید ئاودێر عەزیز، لێپرسراوى نوسینگەى پاسپۆرتى راپەڕین بە 964ـى وت، کێشەکە چارەسەر نەبووە و کەسیش نایەت بە دەنگمانەوە، کێشەکەش لاى ئێمە نییە و لە بەغدایە.
دواین مامەڵەى دەرهێنانى پاسپۆرت لە نوسینگەکە 3.8.2024 بووە، لەو رۆژەوە مامەڵەى دەرهێنانى پاسپۆرت راگیراوە، وەک ئاودێر عەزیز باسى دەکات، بەڵام کێشەکە لە کۆتاییەکانى مانگى شەش بەدەر کەوتووە.
ئێستا لە نوسینگەى پاسپۆرتى راپەڕین، کارمەندان و لێپرسراوانى نوسینگەکە تەنیا کارى پێدانەوەى ئەو پاسپۆرتانە دەکەن کە پێشتر تەواو بووە، ئەگینا هیچ مامەڵەیەک بۆ دەرهێنانى پاسپۆرت رایى ناکرێت، لێپرسراوى نوسینگەکەش دەڵێت،”لە جیاتى ئەوەى بەبێ ئیشى دابنیشین هەموو ئەو مامەڵانەى پێشتر تەواو بووە لە چاپدان و کەپسى بۆ دەکەین و داوا لە هاوڵاتیان دەکەین بێن پاسپۆرت وەربگرنەوە چونکە ئێستا باشترین کاتە بۆ وەرگرتنەوە”.
ئاودێر عەزیز:
لە مانگى ئابدا چوار هەزار و 800 کەس نۆرەى دەرهێنانى پاسپۆرتى گرتووە، ئەگەر کارەکان نەوەستابان دەبوو کارەکانى هەموویانمان تەواو بکردایە
لەبارەى جۆرى کێشەکە ئاودێر عەزیز روونى کردەوە، بەهۆى ئەوەى پاسپۆرتى راپەڕین نەبووە بە ئەلیکترۆنى کێشە لە نێوان کۆمپانیاى نوێ ئەوەى پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى دەردەکات لەگەڵ کۆمپانیا کۆنەکە هەبێت و حکومەتى عێراقیش دەڵێت ژمارەیەکى زۆرى پاسپۆرتى کۆن هەیە و دەبێت ساغ بکرێنەوە.
باس لەوەش دەکات، پەنجەمۆریان لێ وەرناگیرێت هەرکاتێک پەنجەمۆر وەرگیرا و کێشەکە چارەسەر بوو، ئەوان لە پاسپۆرتى راپەڕین ئامادەن دوو شەفت و رۆژانى شەممانیش کاربکەن و رایى کردنى مامەڵەى هاوڵاتیان خێرا بکەن.