نەخۆشی بەهرەکانی ئەرسەلانی ئیفلیج نەکردووە
میدیازان – ئاسۆ وەرتێی – سۆران
لەگەڵ ئەوەی لە تەمەنی شەش ساڵییەوە بەهۆی نەخۆشی سەوەفان هەردوو قاچەکانی بڕانەوە، بەڵام بەهرە هونەرییەکەی هەرزوو تەقینەوەو تائێستا ١٧ پێشانگای کردووەتەوە.
ئەرسەلان سلێمان قادر، ئەو گەنجە تەمەن ٤٢ ساڵییەی کە تائێستا ١٢ پێشانگای هونەری تایبەت و پێنجی هاوبەشی کردووەتەوە، ساڵی ١٩٨٠ لە گوندی ئالانەی سەر بە ناحیەی خەلیفان لەدایکبووە، یەکەم پێشانگایشی ساڵی ٢٠٠١ کردووەتەوە.
ئەرسەلان، بەهۆی نەخۆشی سەوفان لە تەمەنی شەش ساڵی هەردوو قاچی لەدەست دەدات، وەک خۆی باسی دەکات بەهۆی هەژاری و کەمدەرامەتی و رێگرییەکانی بەعس، نەتوانراوە رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت و چارەسەر وەرگرێت.
بڕینەوەی قاچەکانی وادەکات ئەرسەلان زۆرترین کاتەکانی لەماڵەوە بێت و وەک هەر منداڵێکی تر، نەچێتە دەرەوەو یاری بکات، بۆیە خولیاو سەرنجی دەخاتەسەر وێنەکێشان.
ئەرسەلان دەڵێ، ماڵەوەیان لەوەدا زۆر هاوکاریان بووەو پێویستییەکانی وێنەکێشان لە قەلەمی رەنگ و کاغەزیان بۆ دابین کردووە، وتی “لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا، مامۆستایانی قوتابخانەکەمان، یەکەم پێشانگای وێنەکێشانیان لە قوتابخانەی رماوێژ لە گوندەکەی خۆمان بۆ کردەوە، ساڵی ٢٠٠١ـیش پێشانگایەکی ترم لەهەمان قوتابخانە کردەوە، بەڵام ئەمجارە فراوانتر بوو، ئەزموونی ئیشیشم زیاتر بوو”.
جگە لە وێنەکێشان، ئەرسەلان خولیای شیعر نووسینی هەیەو بەهاوکاری هاوڕێکانی ئێستا سەرقاڵی چاپ کردنی شیعرەکانیەتی.
“کەمئەندامی هیچ کات ڕێگر نەبووە لە حەزو خولیاکانم”
ئەرسەلان، لەبارەی تابلۆکانی دەڵێ ‘دیمەنی سروشتی کوردستان و ئازارەکانی گەلی کورد، هەوێنی زۆرینەی تابلۆکانم بووەو هەوڵمداوە ئازارو خەمەکانی گەلەکەم بە فڵجەکەم نمایش بکەم’.
“کەمئەندامی هیچ کات ڕێگر نەبووە لە حەزو خولیاکانم، داواش لەوانەی وەک خۆم دەکەم کە کەمئەندامن کە بێئومێد نەبن و بڕوایان بەخۆیان هەبێت، چونکە ئەگەر کەمئەندام نەبوومایە رەنگە هونەرمەند نەبام”.
ئەرسەلان، ئێستا فەرمانبەرە لە کتێبخانەی گشتی خەلیفان و خوێندکاری بەشی ئای تی قۆناغی سێیەمی پەیمانگای کۆمپیوتەرە، ژیانی هاوسەری لەگەڵ خانمێکی خاوەن پێداویستی تایبەت پێکهێناوە، دەڵێ “هاوسەرەکەم بەهۆی بۆرومانی فڕۆکەکانی ئێران ساڵی ١٩٨٥ قاچێکی لەدەست داوە”.
تا ئێستا ئەرسەلان ١٧ پێشانگای هونەری کردووەتەوەو یەکەم پێشانگای ساڵی ٢٠٠١ بوو لە گوندی رماێژ، هەر هەمان ساڵ پێشانگایەکەی بردە ناحیەی خەلیفان و دواتریش سۆران.