964 هۆكاره‌كه‌ى ئاشكرا ده‌كات

به‌غدا بۆچی رێگری له‌ هەناردەی به‌رهه‌مە په‌له‌وه‌رییەکانی كوردستان دەکات؟

964+

فەرهاد حەسەن

ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه‌، به‌غدا رێگرى له‌ ناردنى به‌رهه‌مى پڕۆژه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانى هه‌ریمی كوردستان ده‌كات، به‌ڵام به‌رپرسێك هۆكارى ئه‌م رێگری كردنه‌ بۆ 964 ئاشكرا ده‌كات و پێشتریش كۆمه‌ڵه‌ى په‌له‌وه‌رییه‌كان رایگه‌یاندبوو، به‌ته‌مان بچنه‌ به‌غدا داواى یاسایی تۆمار بكه‌ن.

د. سه‌باح نورى حه‌سه‌ن، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى ڤێتێرنه‌رى فێركاریى كه‌ركوك به‌ 964ـى راگه‌یاند، هۆكارى سه‌ره‌كیى رێگریكردن له‌و به‌رهه‌مانه‌ بۆ ناوچه‌كانى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق بۆ نه‌بوونى مۆڵه‌تى پڕۆژه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانى هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى عێراق نیانه‌.

وتیشی “وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى به‌غدا بڕیارى داوه‌ هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی په‌له‌وه‌رى هه‌رێم مۆڵه‌تى لاى ئه‌وان نه‌بێت، رێگه‌ناده‌ن به‌رهه‌مه‌كانی بچێته‌ ناوچه‌كانى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، له‌ ته‌واوى بازگه‌كانى كه‌ركوك، ئه‌وان وه‌ك ڤێتێرنه‌رى ئه‌ندامى ئه‌و لیژنه‌یه‌ن كه‌ له‌ بازگه‌كاندا هه‌ن و ئاگادارن كه‌ رێگرى كردنه‌كه‌ لێیان به‌هۆى بێ مۆڵه‌تییه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، به‌رهه‌مه‌ په‌له‌وه‌رییه‌ خۆماڵییه‌كانى هه‌رێم له‌ رێگه‌ى كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌ندرێنه‌ ناوچه‌كانى عێراق و به‌رهه‌مه‌ هاورده‌كراوه‌كانیش له‌ رێگه‌ى موسڵ و خانه‌قینه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌ندرێن.

پێشتر، نازم عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەى پرۆَژه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانى سلێمانى‌ به‌ 964ـى راگه‌یاند بوو، ساڵانه‌ رێگریكردنى له‌ ناردنى به‌رهه‌مه‌كانیان دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ له‌ دژی رێگریكردنه‌كه‌ سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ن.

وتیشی “ماوه‌ى نزیكه‌ى چوار مانگه‌ رێگریمان لێدەکەن، به‌مه‌ش زه‌ره‌ر و زیانى زۆر به‌ر به‌رهه‌مى په‌له‌وه‌ریى هه‌رێمی كوردستان كه‌وتووه”.

به‌ قسه‌ى نازم عەبدوڵا، سبه‌ى یه‌كشه‌ممه‌ ده‌چنه‌ به‌غدا و سكاڵاكه‌ لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەكەن.

كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێم په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر دا...

كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێم په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆماردەكات