13 بانک بۆ حەواڵەکردن دیاری دەکرێن

هەنگاوەکەی بانکی ناوەندی بەهای دۆلار دابەزێنێت؟


ئەحمەد مستەفا

“ئەو 13 بانکەی عێراق بۆ حەواڵەیەکی نوێ و مامەڵە بە دراوە بیانییەکان ناویان رادەگەیەنێت، رێکارەکەی لە بەرژەوەندی دینار و دابەزینی بەهای دۆلار دەبێت”، ئەمە رای شرۆڤەکارێکی ئابوورییە.

ئەو هەنگاوە وادەکات، “عێراقییەکان هەژماری دیکە لە بانکەکان بکەنەوە”.

لە دوایین کۆبوونەوەی بانکی ناوەندی عێراق و کۆمپانیای وردبینی نێودەوڵەتی ناسراو بە E&Y کە ئەرکەکەی چاودێری حەواڵەکردنە، هەردوولا رێککەوتن 13 بانک دیاریبکرێت کە حەواڵەی دەرەکی ئەنجام بدات و مامەڵە بە دراوەکانی یۆرۆ، یێنی چینی، لیرە تورکی و سوری، تمەنی ئێرانی، درهەمی ئیماڕاتی و روپیەیی هندی بکەن.

بە گوێرەی راگەیەندراوی بانکی ناوەندی عێراق، “لە کۆبوونەوەکە باس لە زيادکردنی بەشداریکردنی بانکە عێراقیەکان کراوە لە حەواڵەکاندا تا بتوانن لە ئاست داواکارییەکانی عێراقیەکاندا بێت و بتوانن ھەژمار لە بانکەکان بکەنەوە”.

بیلال رەئوف، شرۆڤەکاری ئابووری لەسەر رێکارە نوێیەکەی حەواڵە دەڵێت، “ئەگەر ئەم کۆبونەوەیە دەرئەنجامەکەی سەربگرێت و ئەنجامی هەبێت، ئەگەر زۆرە دۆلار نرخی دابەزێت و دیناری عێراقی سەنگ و پێگەی بۆ بگەڕێتەوە”، ئەمڕۆ شەممە 31.8.2024، لە بازاڕدا 100 دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بە 149 هەزار و 350 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێ.

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، بانکی ناوەندی عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتەنەکەدا ناوی ئەو 13 بانکە بڵاودەکرێنەوە کە مافی ئەنجامدانی حەواڵەکردنی دەرەکیان دەبێت و بە فەڕمی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.