داوای کردووە پیرۆزبایی نەکرێت لە مەسیحیەکان و ئەوقاف دەری کرد
+964
زەید کۆچەر
مەلا هەرمان بێسفکی دوای ئەوەی لە وتارێکی داوا دەکات پیرۆزبایی جەژن لە کریستیانەکان نەکرێت لە لایەن ئەوقافی دهۆک سزا دەدرێت و لە وتاربێژی لادەدرێت.
مەلا هەرمان بە تۆڕی 964ی وت، “بەپێی شەریعەتی ئیسلام نابێت مسوڵمان پیرۆزبایی جەژنی ئاینەکانی تر بکات، منیش لە وتارەکەی رۆژی هەینی تەنیا باسی ئەوەم کردووە و ئاماژەشم بەوە کرد کە دەبێت ماڵەکانی خۆمان بۆ غەیرە موسڵمان بکەینەوە و پارێزگاری لە ناموسیان بکەین”.
مەلا هەرمان دەڵێت، ئەوقافی دهۆک پەیوەندیان پێوە کردووە و داوایان کردووە وتارەکەی بسڕێتەوە لە فەیسبووکەکەی خۆی کە بڵاویکردووەتەوە، بەڵام بەگوێی نەکردوون، چەند رۆژێک دواتر لە وتاربێژی دووریان خستووەتەوە.
دەربارەی ئەم بابەتە، حاجی موسا جێگیری بەڕێوەبەری ئەوقافی دهۆک بە تۆڕی 964ی وت، هۆکاری لادانی مەلا هەرمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە کاتی وتاردان بە شێوازێکی حەماسی وتوویەتی، “نابێت پیرۆزبایی جەژن لە ئایینەکانی تر بکرێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی درز لە نێوان پێکەوەژیانی پارێزگاکەمان”.
حاجی موسا، جەختی لەوەشکرد، کە تەنیا ئەمە هۆکار نەبووە بۆ لەکارلادانی ئەو مەلایە، بەڵکو لەناو وتارەکەی هێرشی کردووەتە سەر جلوبەرگی کوردی و وتوویەتی، “خەڵک ئاواتەخوازە کەسێکی بمرێت بۆ ئەوەی جلی کوردی لەبەربکەن”.