ئۆتۆمبێلێک لە کاتى بەنزین تێکردن - وێنە: 964
50 دیناری چووەتە سەر
نرخی بەنزین جارێکی دیکە لە سلێمانی بەرزبووەوە
ژووری هەواڵ
نرخی هەر لیترێک بەنزین بۆ هەر سێ جۆرەکەی لە سلێمانی 50 دینار بەرزبووەوە، لەم مانگەدا دووەم جارە نرخی بەنزین بەرز دەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28.8.2024، بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە سلێمانی بە 925 دینارە، لەکاتێکدا دوێنێ 875 دینار بوو.
جۆرەکانی دیکەی بەنزینیش هەر یەکەو بۆ لیترێک 50 دیناریان چووەتە سەر، سوپەر بە 1275 دینارە و محەسەنیش بە 1125 دینارە.
پێشتریش لە رێکەوتی 22.8.2024 لە هەولێر بەنزینی نۆرماڵ لیتری بوو بە 925 دینار، لەکاتێکدا پێشتر 820 دینار بوو.
لە رێکەوتی 16ـی ئەم مانگەش نرخی بەنزین لە سلێمانی و قەزا و ناحیەکانی بەرزبووەوە و بۆ هەر لیترێک 25 دینارى چووەسەر.