لەبەر کۆمەڵکوژییەکە
بەڕێوەبەری پۆلیسی بێجی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە
964+
شۆڕش قادری
بەهۆی رووداوی کۆمەڵکوژییەکەی بێجی و بە بڕیاری پارێزگاری سەڵاحەدین، بەڕێوبەری پۆلیسی قەزای بێجی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و کۆبوونەوەیەکی باڵاش لە سەر ئەو پرسە ئەنجام دەدرێت.
کەمێک پێش ئێستا بەدر مەحمود فەحل، پارێزگاری سەڵاحەدین لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “لێکوڵینەوە لە رووداوەکەی ئەمڕۆی بێجی بەردەوامە و هەر بەوهۆیەشەوە بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای بێجی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە”.
“بەڕێوەبەری پۆلیسی بێجی نەیتوانیوە وەک پێویست ئارامی و ئاسایشی قەزاکە بپارێزێت، بۆیە دەبوو پۆستەکەی لێ وەربگیرێتەوە”، بەدر مەحمود وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند کاتژمێری داھاتوودا کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لە سەر ئاستی باڵا لە پارێزگای سەڵاحەدین سەبارەت بەو رووداوە ئەنجام دەدرێت.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 28.8.2024 لە گەڕەکی عەسریەی قەزای بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە خێزانێکى سێ کەسى کۆمەڵکوژ کران.
خێزانەکە لە ژن و پیاوێک و کچێکی 15 ساڵان پێکهاتوون و دوای کوشتنیان چەکدارەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵهاتوون.