فەلسەفە تاقە یەک خوێندکاری وەرگرتووە
لەزانکۆ سەلاحەدین زمانەکانی فەڕەنسی و چینی کەس رووی تێنەکردوون
میدیازان – فەرمان سادق
ئەمساڵ تائێستا بەشی زمانی فەڕەنسی و چینی زانکۆی سەلاحەدین تاکە یەک خوێندکاریشیان نییەو لەبەشی فەلسەفەش یەک خوێندکاری تاقانە هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی میدیازان، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢- ٢٠٢٣، هیچ دەرچوویەکی پۆلی دوانزە لە فۆڕمی زانکۆلاین بەشی زمانی فەڕەنسی و چینی لە کۆلیژی زمان پڕ نەکردووەتەوە، بۆ بەشی فەلسەفەی کۆلیژی ئادابیش، تەنیا یەک خوێندکار وەرگیراوە.
سەرکەوت وەیسی کەریم، مامۆستای بەشی راگەیاندن لە کۆلیژی ئاداب، ئەو زانیارییانەی بۆ میدیازان پشتڕاست کردەوەو وتی ‘بەشی فەلسەفە تەنیا یەک خوێندکاری بۆ هاتووە، بەشەکانی تری زمانی فەڕەنسی و چینی و کارو کۆمەڵایەتی، هیچ خوێندکاریان بۆ نەهاتووە’
میدیازان، هەوڵی زۆریدا پەیوەندی بە تۆماری کۆلیژی زمان و ئاداب بکات بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانی مامۆستاکەی بەشی راگەیاندی کۆلیژی ئاداب، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.
“بەشی فەلسەفە تەنیا یەک خوێندکاری بۆ هاتووە، بەشەکانی تری زمانی فەڕەنسی و چینی و کارو کۆمەڵایەتی، هیچ خوێندکاریان بۆ نەهاتووە”
لە ١٢ـی ئەم مانگە، وەزارەتی پەروەردە زانکۆلاینی راگەیاند، بەپێی ئەمجامەکەش ١٠٠٪ـی خوێندکاران ناویان لە کۆلیژو پەیمانگەکان هاتەوە، تەنانەت سەرووی ٢٠ هەزار کورسی بەتاڵیش هەیە.
بۆ هەمان مەبەست میدیازان پەیوەندی بە سامان عەبدوڵلا، بەڕێوەبەری راگەیاندن و وتەبێژی زانکۆی سەلاحەدین کرد، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمە یەکەم ساڵ نیە حالەتی لەمجۆرە روودەدات، تەنیا لە زانکۆی سەلاحەدینیش ئەمە رووی نەداوە، بەڵکو لە زانکۆکانی تریش حالەتی وەها هەبووە.
وتەبێژی زانکۆی سەلاحەدین، ئەوەی رەت نەکردەوە کە بەشی فەلسەفە تەنیا یەک خوێندکاری وەرگرتووە، یان بەشی زمانی فەڕەنسی و چینی هیچ خوێندکرێک لە زانکۆلاین، ئەو بەشانەی نەنووسیوە، بەڵام پشتڕاستیشی نەکردەوە، هێندە نەبێت وتی “زانیاری تەواوم لەلا نیە”.
زیاتر وتی “ئەو بەشانەی خوێندکاری کەمیان وەرگرتووە، بە فۆڕمی وەرگیرانی راستەوخۆ، خوێندکاریان بۆ دەچێت”.