زیاتر لە چوار هەزار مەتر بەرزە

شەش شاخەوانى کورد گەیشتنە بەرزترین لوتکە چیاى وڵاتى ئەرمەنستان

وریا فەتاح

شەش شاخەوانی کورد گەیشتنە لوتکە شاخێکی بەرز لە قەفقازیای باشوور لە وڵاتى ئەرمەنستان کە چوار هەزار و 90 مەتر لە ئاستى رووى دەریاوە بەرزە.

محەمەد چاوشین، بەرپرسی راگەیاندنى فیدراسیۆنى شاخەوانى کوردستان بە 964ـى وت،”لە گەشتێکی شاخەوانیی دوورودرێژدا بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان، توانیمان بە سەلامەت و سەرکەوتووانە، دواى 13 کاتژمێر بگەینە لوتکە چیای ئاراگاتس کە بەرزترین چیایە لە وڵاتى ئەرمینیا”.

“شاخەوانەکان کە ژمارەیان شەش کەس بووە رۆژى سێشەممە، 27ـى ئابى 2024، گەیشتوونەتە لوتکەکە و دواتر بە سەلامەت گەڕاونەتەوە یەریڤانى پایتەخت”، محەمەد چاوشین واى وت و خۆیشى یەکێک بووە لەو شاخەوانانە.

روونیشى کردەوە، ئەو شوێنە مەترسى هەڵدێرانى هەبووە، بەڵام ئەو شەش شاخەوانەى بۆ شوێنەکە چوون ئەزموونیان هەبووە، بۆیە توانیویانە بە لێهاتوويى مەترسییەکان تێپەڕێنن.

“شاخەکە سەخت و سەرکەش و ئاڵۆزە، هەر شاخەوانێک بتوانێت بەو لوتکەیە بگات، وەک دەستکەوتێکى شاخەوانى بۆى هەژمار دەکرێت،” محەمەد چاوشین واى بە 964، وت.

چیای ئاراگاتس، لە چوار لوتکەی سەرەکی پێکهاتووە کە هەموویان بە دەوری یەکترەوەن و لە رووی بەرزییەوە لێک جیاوازن، بەڵام ئەو لوتکەیەى شاخەوانە کوردەکان بۆى چوون بەرزترین بووە و 4 هەزار و 90 مەتر لە ئاستى رووى دەریاوە بەرز بووە.