ئەمە وەڵامی پرسیارەکەیە:
کۆمسیۆنی هەڵبژاردن: هەڵمەخەڵەتێن، هێز نییە بتوانێت ئاشکرای بکات دەنگتان بە کێ داوە
+964
ژووری هەواڵ
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایدەگەیەنێت هەرکەسێک بڵێت ئاشکرا دەبێت کە دەنگتان بە کێ داوە، باوەڕی پێمەکەن راست ناکات، چونکە هێز نییە بتوانێت ئەوە ئاشکرا بکات.
لە گروپێکی واتساپ کە دەزگاکانی راگەیاندنی تێدایەو 964 ئەندامیەتی جومانا غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق نامەیەکی دەنگی داناوە و دەڵێت تکایە بە خەڵکی بڵێن بە هیچ شێوەیەک ئاشکرا نابێت دەنگیان بە کێ داوە.
خوڵاسەی نامە دەنگییەکە بەم شێوەیەیە ”هەندێ لە میدیاکان دەپرسن ئایا دەزاندرێت دەنگدار بە چ لایەنێک و کاندیدێک دەنگی داوە، تکا دەکەم ئەم پەیامە بگەیەنن، ئەو کاغەزەی دەنگی لەسەر دەدرێت ناوی تێدا نییە، بۆیە هیچ کەس نازانێت دەنگت بە کێ داوە، کۆمسیۆن تەنیا ژمارەکان دەزاندرێت و ناوی دەنگدەر ئاشکرا نابێت”.
جومانا چوار جار ئەو قسەیە دووبارە دەکاتەوە ”کەس ناتوانێت بزانێت دەنگدەر دەنگی بە چ هێزو کاندیدێک داوە”.
ئەم نامە دەنگییەی وتەبێژی کۆمسیۆن دوای ئەوە هات کە قسەیەکی وا بڵاوبووەوە گوایە هێزە سیاسییەکان دەزانن دەنگدەرانیان دەنگیان بە کێ داوە، بەڵام ئەوە کۆمسیۆن ساغی کردەوە شتی وا ناکرێت.
ئەگەر هەموو شتێک وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوە 54 رۆژی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، رێک 20 رۆژی تر بانگەشەی فەرمی دەست پێدەکات، هەرچەندە لە ئێستاوە زۆربەی هێزو کاندیدەکان لە فەیسبوک و تیکتۆک بانگەشەی ناڕاستەوخۆیان دەست پێکردووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا رۆژی 20.10.2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەم هەڵبژاردنە کۆمسۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەشتی دەکات.
هەمووی بەسەر یەکەوە 1198 کاندید هەن بە سەربەخۆو کۆتاو حیزب و هاوپەیمانێتیەکانەوە، کێبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی 100 کورسی پەرلەمان.
هەموو ئەوانەی لەم هەڵبژاردنە مافی دەنگدانیان هەیە دوو ملیۆن و 899 هەزارو 878 کەسن.
ئەگەر بەپێ حەق و حیساب بێت دەبوو ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی نۆیەمی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوە ئەمجارە شەشەمە.
خولی یەکەم: 1992 – 2005
خولی دووەم: 2005 – 2009
خولی سێیەم: 2009 – 2013
خولی چوارەم: 2013 – 2018
خولی پێنجەم: 2018 – 2022