چوار تۆمەتبار لە خورماڵ بە تۆمەتی راوکردن و بڕینەوەی دار دەستگیرکران

964+

پەری ساڵح

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە رایگەیاند، بە هاوکاری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە و بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خورماڵ، توانرا چوار هاوڵاتی بپێچرێنەوە و دەستگیر بکرێن بە تۆمەتی ئەنجامدانی سەرپێچی ژینگەیی.

دەستگیرکردنی ئەم تۆمەتبارانە دوای ئەوە هات کە لەلایەن هەواڵدەرێکەوە زانیاری درا بە هێزەکانی پۆلیس سەبارەت بە بوونی دیاردەی راوکردن لە شاخی مڵە خورد. دوای ئەوە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی هەڵەبجە، مەفرەزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی مەبەست و رێکاری یاساییان گرتەبەر .

تۆمەتباران لە سنووری ناحییەی خورماڵ هەستابوون بە راوکردنی ئاژەڵی کێوی و بڕینەوەی چەندین بنەدار، لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا، راستەوخۆ دەست بەسەر سەرجەم کەرەستە و کەلوپەلەکانیاندا گیرا.

لە ئێستادا لە بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و بە فەرمانی دادوەر سەرپێچیکاران راگیراون و رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.