"هیچ کەس بە کۆلێرا نەمردووە"

خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی: هەموو تووشبووانی کۆلێرا چاکبوونەتەوە

ژووری هەواڵ

بەڕێوه‌بەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، هەموو ئەوانەی کە تووشی کۆلێرا ببون چاکبوونەتەوە و رەوانەی ماڵەوە کراون.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25.8.2024، رزگار عەلی، بەڕێوه‌بەری خۆپاراستنی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەم ماوەیەکدا هیچ کەسێک بە سکچوون و رشانەوە و کۆلێرا گیانیلەدەستنەداوە و ئەوانەشی کە تووشی کۆلێرا ببون چاکبوونەتەوە و نێردراونەتەوە ماڵەوە.

بە وتەی بەڕێوه‌بەری خۆپاراستنی سلێمانی ژمارەیەک حاڵەتی گومانلێکراوی تووشبوون بە کۆلێرا هەن و ئەمڕۆ یەکشەممە نمونەی پشکنینەکانیان رەوانەی بەغدا کراون بۆ دڵنیابوونەوە.

“پێشوەخت پلانمان داناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆلێرا… تیمێکی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکەمان پێکهێناوە و زیاتر لە 200 کارمەند کار لەم بوارەدا دەکەن”، بەڕێوه‌بەری خۆپاراستنی سلێمانی وای وت.

دوێنێ شەممە 24.8.2024، بریکارى وەزارەتى تەندروستى هەرێم، تۆمارکرنى هەشت حاڵەتى کۆلێرای لە سلێمانى بۆ 964 پشتڕاست کردەوە.