پۆلیس بەدوای خاوەنەکانیاندا دەگەڕێت

لە ناحیەی بەرزنجە چوار کورەی دروستکردنی خەڵوز دۆزرانەوە

ژووری هەواڵ

لە سنووری ناحیەی بەرزنجە پۆلیسی دارستان چوار کورەی دروستکردنی خەڵوزیان دۆزیوەتەوە کە بەکارهێنراون بۆ سوتاندنی داری تەڕ، هەر چوار کورەکە تێکدران و گەڕان بەدوای خاوەنەکانیان دەستیپێکرد.

ئەمڕۆ هەینی 23.8.2024، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، دوای وەرگرتنی زانیاری و لەئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستانی بەرزنجە بۆ سنوری گوندی حاجی مامەند توانیان چوار کورەی خەڵوز تێکبدەن.

کورەکان بەکاردەهاتن بۆ سووتاندنی داری تەڕ و دروستکردنی خەڵوز، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وا دەڵێت.

لەکاتی تێکدانی کورەکاندا “دەستگیرا بەسەر ژمارەیەک داری تەڕی بڕدراوە کە ئامادە دەکرا بۆ دروست کردنی خەڵوز”.

“پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە کراوەتەوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی و دۆزینەوەی خاوەنی کورە خەڵوزەکان”، پۆلیسی دارستان وا دەڵێت.