له‌ بازگه‌كان رێگریان لێده‌كرێت

كاسبكاران و پیشه‌وه‌رانى پێنجوێن كێشه‌و گرفتیان زۆره‌ و چاره‌سه‌ریان كه‌مه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

كاسبكاران و پیشه‌وه‌رانى پێنجوێن به‌ خه‌مى كێشه‌و گرفته‌كانیان دا كه‌وتوونو تائێستا كه‌مترین چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانیان كراوه‌، لێپرسراوى كۆمكه‌ڵه‌كه‌شیان ده‌ڵێت، له‌ هه‌ندێك بازگه‌كان رێگرى له‌ پیشه‌وه‌رانیان ده‌كرێت و رێگه‌ناده‌ن كه‌په‌وپه‌ل و پێداویستى بهێنن.

كۆمه‌ڵه‌ى کاسبکاران و پیشەوەرانی قەزای پێنجوێن، ئاگادارییه‌كى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ رۆژى 24.8.2024 كۆده‌بنه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى كار له‌سه‌ر كێشه‌و گرفته‌كانیان بكه‌ن.

کاوە عه‌بدوڵا مسته‌فا، لێپسراوی کۆمەڵە له‌ پێنجوێن، به‌ 964ـى وت، كێشه‌ى زۆر و جیاواز رووبه‌ڕووى كاسبكاران و پیشه‌وه‌رانى قه‌زاكه‌یان بووه‌ته‌وه‌ و تاوه‌كو ئێستاش نیه‌تێك نه‌بووه‌ چاره‌سه‌ركردنیان بۆیه‌ كاسبكاران كۆده‌كه‌نه‌وه‌.

وتیشی “چه‌ند جارێك له‌ بازگه‌كان رێگریان له‌ پیشه‌وه‌ره‌كانمان كردووه‌ و نه‌یانهێشتووى كه‌لوپه‌ل و پێداویستى بهێننه‌ ناو پێنجوێن و دان به‌ ناسنامه‌كانیان نانێن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، چه‌ند ده‌ستگێڕێكی ناو بازاڕ چه‌ندینجار داواى شوێنیان كردووه‌ كه‌ بۆیان دابین نه‌كراوه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، پێشتریش چه‌ند جارێك داواكاری پیشه‌وه‌ر و كاسبكارانیان گه‌یاندووه‌ته‌ سه‌رووى خۆیان به‌ڵام بێ چاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه‌، ده‌شڵێت “ده‌مانه‌وێت له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌ر بڕیار و راسپارده‌یه‌كمان ده‌ركرد بۆ سه‌رووى خۆمان به‌رز بكه‌ینه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى”.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى كه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ به‌ 964ـى داوه‌، له‌ناو سه‌نته‌رى قه‌زا و هه‌ردوو ناحیه‌ى ناڵپارێز و گەرمک، نزیكه‌ى 300 پیشه‌وه‌ر و كاسبكار ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌كه‌یانن و له‌ناو ئه‌م ژماره‌یه‌شدا زۆربه‌یان كێشه‌و گرفتى جیاوازیان هه‌یه‌.