تووشی نەخۆشی بوون
دارخورماکانی خورماتوو بەرەوە لەناوچوون دەچن
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ساڵانی رابردوو، لە خورماتووەوە خورما ھەناردەی شارەکانی تر دەکرا، بەڵام لەئێستادا لە کۆی دەیان باخ، تەنھا یەک باخی خورما لە قەزاکەدا ماوە و ئەو باخەش، دارەکانی تووشی نەخۆشی بوون.
حازم عەرەب خاوەنی باخی خورما بە 964ـی وت، “ماوەیەکە جۆرە نەخۆشییەک لەناو باخەکەمدا پەیدا بووە و دارخورماکان شەق و کون دەبن، پاشان لار دەبنەوە و دەکەون”.
دەشڵێت، هەرچەندە هەندێک دەرمان و پێداویستی چارەسەرییان بۆ هێناوە، بەڵام بێسوود بووە، رەنگی خورماکانیش دەگۆڕدرێن و بۆ خواردن نابن.
ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا چەندین جار لایەنی پەیوەندیدار و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی خورماتووی لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.
“ئەگەر ئەو نەخۆشییە چارەسەر نەکرێت، لە دوو ساڵی داهاتوودا، دارخورما لە خورماتوو نامێنێت”، حازم عەرەب وادەڵێت.
964 پەیوەندی بە عەلی جەلال، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خورماتووە کرد وتی، “تائێستا نازانرێت جۆری نەخۆشییەکە و چارەسەری چییە، بەڵام نووسراویان ئاراستەی بەشی پاراستنی گشتی لە وەزارەتی کشتوکاڵی سەڵاحەدین کردووە، بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو لیژنەیەک لە ئەندازیارانی بەشی پاراستنی کشتوکاڵی بگەنە خورماتوو بۆ دۆزینەوە و چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییەی، کە تووشی دارخورماکانی قەزاکە بووە.
هەروەها لە رێگەی 964ـەوە داوای لە خاوەن باخەکانی سنوورەکە كرد، رۆژی دووشەممەی داهاتوو سەردانی فەرمانگەی بەشی کشتوکاڵی قەزاکە بکەن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری