پەیام و دیاری پێ بووە
وەزیری گەیاندن قسەی سەرۆکی حکومەتی برد بۆ سەرۆکی کەنیسەی کلدان
964+
ژووری هەواڵ
ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێم چووە لای سەرۆکی نوێی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان و بە ناوی سەرۆکی حکومەتەوە پێی وت: پەیامی ئێمە نەگۆڕە، پشتگیری پێکەوە ژیان دەکەین.
پەیجی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بڵاویکردەوە: ئانۆ جەوهەر لە سەردانەکەی بۆ لای پاتریاک (مار پۆڵس سێیەم نۆنا) پەیامی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی پێبووەو پێی وتووە: ”رێبازی نەگۆڕی حکومەتی کوردستان، لەسەر بنەمای پشتگیریکردنی بەهێز لە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی داڕێژراوە؛ بە جۆرێک کە ئەم فرەیی و تەباییە لە واقیعی کوردستاندا بە کردار رەنگی داوەتەوە نەک تەنیا بە گوتار”.
هەر لەوێ وەزیری گەیاندن دوو دیاری داوەتە پاتریاک، بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەت ”یەکێکیان لە داری بەڕوو و بەردی ڕەسەنی چیاکانی کوردستان دروستکرابوو، وەک هێمایەک بۆ خۆڕاگری و ڕەسەنایەتیی کوردستان، کە چەندین هێمای ئیمانی مەسیحی وئینجیلی لە خۆ گرتبوو”.
پاتریاک (مار پۆڵس سێیەم نۆنا) لە مانگی نیسانی رابردوو وەک سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان هەڵبژێردراو شوێنی (لویس ساکۆ)ی گرتەوە کە پێشتر دەستی لە کارکێشایەوە.