"تەنیا قسەنییە""
کەلارییەکان لە دەروازەی شارەکەیان میوانداریت دەکەن
میلاد جەلال – کەلار
بەخێربێن بۆ شارە شیرین و پڕ پاک و سادە و ماریفەتەکەی کەلار، ئێرە ھەمووی ماڵی خۆتانە، ئەمە نوسراوی سەر تابلۆیەکە لە دەروازەی کەلار دانراوە بۆ ئەو رێبوارانەی دێنە شارەکە و ناسیاویان نییە، تا خەمی مانەوەیان نەبێت.
خەڵکی خانەخوێ جێگە و رێگەیان هەیە، بە 15 رۆژ و 20 رۆژ رێبوار دەهێڵنەوە لای خۆیان و یارمەتی خەڵکی کەمدەرامەتیش دەدەن.
سەنگەر حەمید، سەرپەرشتیاری کارەکەیە بە 964ى وت، لەلایەن خێزانێکی ناسراوی شارەکە ئەم پرۆژەیە ئەنجامدراوە و شوێنی مانەوە بۆ ئەوکەسانە دابین دەکرێت کە دێنە کەلار و کەس ناناسن لێرە، ئێمە دەبین بە کەسیان.
بە قسەی سەنگەر، مانگ نیە چەندین کەس پەیوەندییان پێوەنەکەن بۆ ئەوەی شوێنیان بۆ دابین بکەن، جگە لە شارەکانی کوردستان لە خوارووی عێراق و رۆژھەڵاتیشەوە خەڵک دێن ئەوان خزمەتیان دەکەن، شوێنی مانەوە و خواردنیشیان بۆ دابین دەکەن.
میواندۆستی لەم شارە تەنیا قسە نییە، وەک سەنگەر باسی دەکات، چەندین خێزان پەیوەندییان پێوە کردوون و دەڵێن، ھەرکەس ھاتە ئەم شارە و شوێنی مانەوەی ویست ماڵەکانمان لە خزمەتیاندایە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا