لە تەقتەق

ئۆتۆمبێلێک دوو مانگە ئاو بردوویەتی و هێشتا بێ سۆراغە

دەریا ئەحمەد – تەقتەق

رۆژی 21.3.2026 و لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک، ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەک لە ناوچە گەشتیارییەکانی تەقتەق ئاو بردی و تا ئێستاش نەدۆزراوەتەوە.

سۆران موبارەک لێپرسراوی پاراستنی رووباری تەقتەق بە 964ـی وت، “هەر لەو رۆژەوە لە شوێنی نقومبوونی ئۆتۆمبێلەکە تا دوری سێ کیلۆمەتر بە تەواوی گەڕاوین و دڵنیابووینەتەوە کە لەو ناوچەیەدا نییە، ئێستا گەیشتووینەتە پردەکەی تەقتەق بۆ دواتر، کە گومانمان لەو شوێنە هەیە”.

کارکردنی غەسالەکان لەسەر زێی بچووک لە سنوری ناحیەکانی ئاغجەلەر و ئاشتی و قوڕاوکردنی ئاوەکەی، کارەکەی ئێمەی زەحمەت کردووە”، سۆران موبارەک وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ داوایان لە قایمقامی قەزای تەقتەق کردووە کە بۆ ماوەی پێنج رۆژ کاری غەسالەکان رابگڕن بۆ ئەوەی گەڕانەکانیان چڕ بکەنەوە و ئیشەکانیان باشتر بڕوات.

سۆران موبارەک وتیشی، ماوەیەکە تەنیا رۆژانی هەینی دەگەڕێین، چونکە ئەوکاتە ئاوی زێی بچووک لێڵییەکەی نامێنێ و دەتوانین بە باشی بگەڕێین، بەڵام هەرکات غەسالەکان وەستێنران، بە بەردەوام دەگەڕێین تا دەیدۆزینەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری