زاخۆ؛ گەنجێکی 18 ساڵان لە ناحیەی دەرکار خنکا

964+

شڤان عەبدوڵا- زاخۆ

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، گەنجێکی تەمەن 18 ساڵان لە گۆمێکی ئاودا لە سنووری ناحیەی دەرکار سەر بە ئیدارەی زاخۆ خنکا و گیانی لەدەستدا.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، رووداوەکە نزیک کاتژمێر 5.30ــی ئێوارە روویداوە. دواتر تەرمی گەنجەکە لەلایەن ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ناوچەکەوە لەناو گۆمەکە دەرهێنراوە و گەیەندراوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی زاخۆ، پاشان تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە.

ئەڤیندار عیزەت، وتەبێژی بەرگری شارستانی زاخۆ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 رایگەیاند: تیم و لیژنەکانی بەرگری شارستانی بەرەو شوێنی رووداوەکە بەرێکەوتوون بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە بکەن و هۆکاری خنکانی دیاری بکەن.

بەم رووداوەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، ژمارەی رووداوەکانی خنکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ 7 حاڵەت بەرزبووەوە، وتەبێژی بەرگری شارستانی ئاماژەی بەوەش کرد، لەناو ئەو حاڵەتانەدا تا ئێستا تەرمی یەکێک لە گەنجە خنکاوەکان نەدۆزراوەتەوە و تیمەکانیان بەردەوامن لە گەڕان بەدوایدا.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح