ریکۆردی کتێبی گینس دەشکێنێت
گەورەترین شیشی گەس لەسەر ئاستی جیهان لە هەولێر ئامادەکرا
964+
پەری ساڵح
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ریکۆردێکی نوێی جیهانی لە کتێبی پێوانەیی (گینس)دا بۆ دروستکردنی گەورەترین شیشی گەس لەسەر ئاستی جیهان تۆمار کرا.
تێیدا شیشە گەسێک بە کێشی دوو تۆن و 672 کیلۆگرام ئامادەکرا. بەمەش شاری هەولێر توانی ئەو ریکۆردە جیهانییەی پێشوو بشکێنێت کە لە کتێبی گینسدا بە ناوی چێشتخانەیەکی وڵاتی تورکیاوە تۆمارکرابوو.
دوای تەواوبوونی پڕۆسەی برژاندنی گەسە زەبەلاحەکە، بە هاوکاری رێکخراوی (دەستی کوردستانی مرۆیی)، زیاتر لە 4000 لەفەی گەس ئامادەکرا و بە شێوەی بەخشین دابەشکرا بەسەر دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان، خانەی بێسەرپەرشتان و نەخۆشخانەی دەروونی لە شاری هەولێر.
پارێزگاری هەولێر خۆشحاڵی خۆی بە تۆمارکردنی ئەم ریکۆردە نوێیە دەربڕی و دەستخۆشی لە رێکخەران و ستافی جێبەجێکار کرد،هانی خاوەن بیرۆکە و داهێنەرانی دا کە هەوڵی زیاتر لە کارەکانیاندا بدەن.