كەلار
شۆفێرە خاوەن هێڵەکان دژى بێ هێڵەکان گردبوونەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
شۆفێرانی مینی پاسەکانی هێڵی بازاڕ – بەردەسوور، لە بەردەم قایمقامیەتی قەزای کەلار گردبوونەوە، دژی کارکردنی مینی پاسە بێ هێڵەکان.
شۆفێران ماوەی دوو کاتژمێر رێگای سەرەکی بازاڕ – بەردەسووریان لە بەردەم قایمقامیەتی قەزاکە داخست.
ئەحمەد محەمەد، یەکێکە لەو شۆفێرانەی لە گردبووەنەوەكە بەشدار بوو، بە 964ـى وت،”ئێمە نامانەوێت ببینە ھۆی بڕینی قوتى بێ هێڵەکان، بەڵام لە کەلار سێ مەوقیف هەیە (گازینۆ، حەمەى کەریم، بەردەسوور)، داوامان کردووە بەردەسوور بۆ ئێمەبێت و دوانەکەى تر بدرێت بە پاسە بێ هێڵەکان”.
عەبدوڵا مەجید، یەکێکیترە لەو شۆفێرانە بۆ 964 وتى،” ئێمە خاوەنى هێڵین، بەڵام بۆ بێ هێڵەکان باجێک کراوە بۆ ئەوەى وەک ئێمە ئیش بکەن، کەس نازانێت کێ ئەو باجەی بۆ کردوون، پرسیار لە قایمقام و گواستنەوەش دەکەین، دەڵێن ئاگادار نین”.
وەک باسى دەکات شۆفێرانى خاوەن هێڵ ژمارەیان زۆرە و دوو رۆژ جارێک دەتوانن کار بکەن و رۆژانە کەمتر لە 10 هەزار دیناریان بۆ دەمێنێتەوە.
ئەو شۆفێرانەى خاوەن هێڵن و لە نێوان بازاڕى کەلار بۆ بەردەسوور سەرنشین دەگوازنەوە، ژمارەیان 128 شۆفێرە، رۆژانە ھاوڵاتیان لە گەڕەکەکانی، گازینۆ، حەمەی کەریم، بەردەسوور، دەگوازنەوە بۆ بازاڕ و بە پێچەوانەشەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح