ئاسایشی هەولێر هۆشداری دەدات

“لە ژێر ناوی بانکەکانەوە پەیوەندیتان پێوە دەکەن و هەڵتاندەخەڵەتێنن”

+964

ژێوار خدر

ئاگاداری ئەو ژمارانە بن کە لە واتس ئاپەوە بەناوی گۆڕینەوەی دۆلار بە 132 هەزار پەیوەندیتان پێوە دەکەن، بەهیچ شێوەیەک وشەی نهێنی هەژمارە بانکیەکانتانیان پێمەدەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، ماوەیەکە گرووپێک کە خەڵکی شارەکانی خوارووی عێراق و هەرێمی کوردستانیشن، چەند هەژمارێکی جیاوازییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست کردووە، بەناوی بانکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەڵێن ئێمە دۆلار بە نرخێکی کەمتر لە بازار و بە 132 هەزار دیناری عێراقی دەگۆڕینەوە، ئەو هاوڵاتییانەش بە ئامانج دەگرن کە نیازی گەشتکردنیان هەیە، دواتریش بە ژمارەی جۆراوجۆر لە رێگەی تۆڕی  واتس ئاپەوە پەیوەندی لەگەڵ کەسەکان دەگرن و داوای پاسپۆرت، کارتی نیشتمانی و ماستەرکارد یان فیزەکاردی کەسەکە دەکەن، دواییش داوای کۆدی نهێنی سەر هەژماری بانکییەکە دەکەن و هەر بڕە پارەیەک لەسەر هەژمارەکەت هەبێ، دەستی بەسەردا دەگرن و دەیدزن.

بەپێی راگەیاندراوەکەی ئاساییشی هەولێر، کە ڤیدیۆی تۆمارکراوی گفتوگۆی نێوان یەکێک لەو هاککەرانە و هاوڵاتییەکی لەگەڵدا بڵاوکردووەتەوە، لە ماوەی رابردوودا چەند حاڵەتێکی لەو شێوەیە هەبووە، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن ئاگادار بن و متمانە بەو کەسانە نەکەن.

ئاسایشی هەولێر: ئاگاداربن کۆد بۆ هیچ کەسێک مەنێرنەوە

ئاسایشی هەولێر: ئاگاداربن کۆد بۆ هیچ کەسێک مەنێرنەوە