"زۆر جار خه‌ڵك ده‌خه‌ڵه‌تێندرێت"

له‌ بازاڕه‌كانى سۆران ئه‌وه‌ى داشكاندن بكات پێویسته‌ فۆڕمێك پڕبكاته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ سۆران، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاودێری بازرگانیی هه‌یه‌، شوێنكاره‌كانى ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ى بیه‌وێت داشكاندن بۆ كه‌لوپه‌ل و كاڵاكانى بكات، پێویسته‌ پێشتر ئه‌وان ئاگادار بكاته‌وه‌.

ئاگاداركردنه‌وه‌ى ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ شوێنكاره‌كان كه‌ به‌نیازی داشكاندنن سه‌ردانیان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ناویان تۆماربكرێت و فۆڕمێكیش هه‌یه‌ له‌باره‌ى داشكاندنه‌كانیان پڕى بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌م زانیاریانه‌ى تێدا تۆمار بكه‌ن كه‌ بریتین له‌ پسوولەى کرینى كاڵا، نرخى پێشوو، نرخى ئێستا، بڕى داشکاندن بە دینار و بە رێژە و هۆکارى داشکاندنەکەشی چییە؟

به‌پێی رێنماییه‌كانى ئه‌م به‌رَێوه‌به‌رایه‌تییه‌، هه‌ر شوێنكارێك داشكاندن بكات، پێویسته‌ لیستى داشكاندنه‌كه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى شوێنه‌كه‌ى هه‌ڵبواسێت و داشكاندنه‌كه‌شی روونكردبێته‌وه‌.

سەفا سەیدخان، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سۆران بە 964ـی راگه‌یاند، به‌بێ ره‌زامه‌ندى ئه‌وان هیچ شوێنكارێك ناتوانێت داشكاندن بكات، چونكه‌ زۆر جار ئه‌و داشكاندنه‌ ته‌نیا بۆ ناو بووه‌ و نرخی كاڵاكانیش هه‌روه‌كو خۆى بووه‌.

وتیشی “به‌شێك له‌ شوێنكاره‌كان له‌رێگه‌ى داشكاندنى كاڵاكانیان هاوڵاتیان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن، ئێمه‌ش رێگریان لێده‌كه‌ین”.

ئاماژه‌ى به‌وشه‌كرد، لیژنه‌یان چووه‌ته‌ چه‌ند شوێنێك كه‌ گوایه‌ داشكانیان كردووه‌، به‌ڵام كه‌ بینیویانه‌ نرخى كاڵاو پێداویستییه‌كان نه‌ك كه‌متر بووبێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ زیاتریش فرۆشتوویانه‌.

به‌پێی رێنمایی و یاسای ژماره‌ 6ـى چاودێری بازرگانى له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ر شوێنكارێك هاوڵاتى بخه‌ڵه‌تێنێت، سزا ده‌درێت.

له‌باره‌ى سزادانى ئه‌م شوێنكارانه‌شه‌وه‌، سه‌فا سه‌یدخان ده‌ڵێت، سزاكانیان به‌ پسووله‌ى ئاگاداركردنه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، سزاى پێبژاردنیشیان به‌پێی سه‌رپێچییه‌كانیان له‌ 50 هه‌زاروه‌ تاوه‌كو 500 هه‌وزا دیناره‌.

وێنەیەک چاودێریی بازرگانی سۆرانی بردە لای نانەواخانە ...

وێنەیەک چاودێریی بازرگانی سۆرانی بردە لای نانەواخانە و سەموونخانەکان