پارێزگار هۆشداری داوە

ئەمڕۆ هەڵمەتی پاككردنەوەی كەركوك دەستپێدەكات

ئەرسەلان عەبدوڵا

دوای ئەوەی پارێزگاری نوێی كەركوك داوای كرد هەڵمەتی پاككردنەوەی شارەكە لە زبڵ و خۆڵ و خاشاك ئەنجام بدرێ، ئەمڕۆ هەڵمەتەكە دەستپێدەكات و شارەوانیی دەڵێت، هەڵمەتەكە فراوانە و بەردەوام دەبێت.

عەدنان شوكر بەڕێوبەری راگەیاندنی شارەوانیی كەركوك، ئەمڕۆ شەممە بە 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ هەڵمەتەكە دەستپێدەكات و هەر شەش كەرتی شارەوانی بەشدار دەبن، پلانەكە وایە تەواوی گەڕەك و شەقامەكانی كەركوك پاك بكرێتەوە.

وتیشی، هەڵمەتەكە دوای راسپاردەكەی پارێزگاری نوێی كەركوكە، كە كۆتایی هەفتەی رابردوو رایگەیاند پێویستە شارەكە لە زبڵ و خاشاك پاك بكرێتەوە.

عەدنان شوكر ئاماژەی بەوەدا، سێ كەرتی شارەوانیی كەركوك بە كارمەند و ئامێری خۆیان كاردەكەن و سێ كەرتی دیكەشیان لە ئەستۆی دوو كۆمپانیان و كارمەند و كەلوپەل و ئامێرەكانی خۆیان بەكاردەهێنن.

“هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و پێویستە تەواوی شارەكە پاك بكرێتەوە”، ئەمە قسەی بەڕێوبەری راگەیاندنی شارەوانیی كەركوكە.

كۆتایی هەفتەی رابردوو پارێزگاری نوێی كەركوك رێبوار تەها كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ سەرۆكایەتی شارەوانیی شارەكە و هەموو بەشەكانی شارەوانی  و كۆمپانیای تایبەتمەند بە پاككردنەوەی زبڵ و خاشاكی شارەكە ئەنجام دا، لەوێدا رایگەیاند، ماوه‌ی دوو هەفتەیان مۆڵەت هه‌یه‌ بۆ پاککردنەوەی شەقام و گه‌ڕه‌كه‌كانی شار و رێوشوێنی یەکلاکەرەوە دەگرنەبەر و كه‌مته‌رخه‌م نابن.

هەروەها لەو ڤیدیۆیانەی كە بڵاوكرایەوە، پارێزگاری نوێی كەركوك هۆشداریی دەداتە لایەنە بەرپرسەكانی پاككردنەوەی شار، ئەگەر لە دوو هەفتەدا شارەكە بە تەواوی پاك نەكەنەوە، گرێبەستەكانیان هەڵدەوەشێنێتەوە.