لە ناحیەی چوارقوڕنە
تۆمەتبارێك بە تۆمەتی قۆڵبڕینی خەڵک دەستگیرکرا
964+
ژێوار خدر
پۆلیسی راپەرین کەسێکیان لە ناحیەی چوارقوڕنە دەستگیر کردووە، کە ئۆتۆمبێلێکی دزیوە و دواتر فرۆشتوویەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، رابەر حەسەن وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە 964ـی وت، ئەمڕۆ هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی بیتوێن تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە، لە دایک بووی ساڵی 1998ە و ناوی (گ، ع، ع)ە، کە پێشتر لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی دوکانەوە فەرمان دەستگیرکردنی هەبووە بە پێی مادەی 456.
وتیشی، لە رێکەوتی 21.7.2024، کەسێک بە ناوی (ع، ح، ع ) لە بنکەی پۆلیسی دوکان داوای تۆمار کردووە کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتای کامری لە تۆمەتبارەکە کڕیوە و دواتر دەرکەوتووە کە ئۆتۆمبێلەکە دزراوە.
بەپێی لێدوانی وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، بەپێی بڕیاری دادوەر ئێستا تۆمەتبارەکە راگیراوە بە پێی مادەی 456 لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.